كه‌شناسی: سبه‌ی بارانی به‌ لێزمه‌ ده‌بارێت

24.11.2022
جەماوەر نیوز
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، بارانبارین هەموو ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە لە هەندێک کاتدا بارانی بەلێزمە دەبێت، لە بەشێکی لووتکە بەرزەکان بەفر دەبارێت.
بەگوێرەی راپۆرتی بەشی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە شەودا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لەگەڵ دەستپێکردنى باران لە کاتەکانى شەو درەنگدا لە زۆربەى ناوچەکەمان، سەرەتا بە نمە باران دەستپێدەکات پاشان بارانبارین کاریگەرى زیاد دەکات.
کەشناسی رایگەیاندووە، سبەی رۆژی هەینی بارانبارین لە تەواوى ناوچەکان دەبارێت لە ئەنجامى یەکگرتنى هەردوو نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سوور شەپۆلێکى بارانبارین سەرتاپاى ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە، سەنتەرى پارێزگاکان بارانبارینى بە لێزمە و هەورە تریشقە دەبێت، هەندێجار لەکاتى بارانبارین بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشداوە، بارانبارین بەردەوامى دەبێت تا کاتەکانى شەو درەنگ زۆرترین رێژەى بارانبارینى پێشبینکراو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سلێمانى دەبێت، بەفریش لەسەر لووتکەى شاخە بەرزەکان دەبارێت.
سەبارەت بە پلەی گەرما کەشناسی دەڵێت: "پلەى گەرما بە نزیکەى 5-7 پلە روو لە نزمبوونەوە دەکات".

زۆرترین خوێندراو