سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا ده‌كات

05.12.2022
جەماوەر نیوز
سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاریی بۆ دەستبەکاربوونی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان كرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی كانوونی دووه‌می 2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئامادەکاری دەستبەکاربوونی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان کرد کە یاساکەی بە ژمارە 6 ساڵی 2022 لە (4ـی ئاب/ئۆگێستی 2022) کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی هەبوونی ئەم دەستەیە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەم دەستەیە ئەوەیە، کۆمەڵێک پێوەر و ستانداردی کارپێکراوی نێودەوڵەتی یەکگرتوو، بۆ خوێندن و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دابنرێت و کار بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی ئاستی کوالیتی زانستی ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکانی کەرتی تایبەت و گشتی بکات بۆ دڵنیابوون لە بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەیی و زانستی دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، سەرەڕای دانانی پێوەری گونجاو بۆ چەسپاندنی بنەماکانی متمانەبەخشین لەڕێگه‌ی رێکخستنەوەی پرۆسەی پێداچوونەوە و چاودێریکردن و پشتیوانیکردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و بەدەستهێنانی بڕوانامەی متمانەیی بۆ زانکۆ و قوتابخانەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە وەزیرەکانی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی، پەروەردە و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، دیدگا و پەیامی خۆیان بۆ میکانیزمی جێبەجێکردنی یاساکە خستەڕوو، لەگەڵ روونکردنەوەی توانای ئێستای وەزارەت و دامەزراوەکان وچۆنیەتی سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پرۆگرام و تواناکان بە ئاراستەی هێنانەدی ئامانجەکانی یاساکە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی رێکار و هەنگاوە بەراییەکانی دەستبەکاربوونی ئەم دەستەیە و ئەنجومەنەکەی کرا، کە بڕیارە بۆ ئەم مەبەستە پەیڕەوەکەی ئاماده‌بكرێت و لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و پەسەندبکرێت.

زۆرترین خوێندراو