دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق له‌ دژی كورد بڕیارێك ده‌رده‌كات

25.01.2023
جەماوەر نیوز
ئه‌مڕۆ چوارشەممە 25-01-2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار کرابوون.
ئەو دوو سکاڵاکارە، داوا دەکەن بڕیارەکانی ژمارە هەشتی ساڵی 2022 و ژمارە (401، 257، 226، 194ـی ساڵی 2021)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەڵبوەشێندرێنەوە کە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان.
داواکە ژمارە 170ـی/فیدراڵیی/2022ـی هەبوو، پێشتر سێ جار دواخرابوو، دوایین جار رۆژی 18ـی ئەم مانگە بوو و ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگەی فیدراڵی لەسەری کۆبووەوە.
مستەفا سەند، گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە لەناو دادگەی باڵای فیدراڵییە لە بەغدا و تێیدا دەڵێت، "ئەمڕۆ بڕیارێکی مێژوویی درا کە دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی دەرکرد لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، کە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە." وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، "چەندین دەستخۆشی" بۆ هاتووە.

زۆرترین خوێندراو