زانیاری له‌ باره‌ی كه‌ش و هه‌وا له‌ ڕۆژانی پشووی نه‌ورۆز بڵاوده‌كرێته‌وه‌

19.03.2023
جەماوەر نیوز
دیلان رەشید، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاند راگەیاند، لە یەکەم رۆژی نەورۆز پێشبینی روودانی هەورەتریشقە لە ناوچە شاخاوییەکان دەکرێت و پێویستە هاووڵاتیان خۆیان لەو ناوچانە بەدوور بگرن.
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاشکراشیکرد، لە ئەنجامی ئەو کەشە ناسەقامگیرەی لەم چەند رۆژەوە دەستیپێکردووە، لەمڕۆ بەدواوە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و حاڵەتی باران بارین دەبێت.
هەر سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژانی جەژنی نەورۆز، دیلان رەشید گوتی "لە یەکەم رۆژی نەورۆزەوە پێشبینی دەکرێت باران بارین و هەورەتریشقە لە ناوچە شاخاوییەکان هەبێت، بۆیە پێویستیە هاووڵاتیان لە ناوچە بەرزەکان خۆیان بەدوور بگرن".
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەشدا، بارانبارین لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەکی مامناوەند و کورتخایەن و درێژخایەن لە هەندێک ناوچە دروست دەبێت، وتیشی: دەتوانین بڵێین بۆ هەر سێ رۆژی نەورۆز، کەشوهەوا هەوری تەواوە و بارانبارین لە سەنتەری پارێزگاکان بەشێوەی کورتخایەن و درێژخایەن هەیە.
دیلان رەشید روونیشیکردەوە، کە شەپۆلی بارانبارینی چەند رۆژی داهاتوو مەترسی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاوی لێناکرێت، ئەوەشی خستەڕوو "هەر حاڵەتێکی لەوجۆرەش هەبێت، ئێمە پێشتر راپۆرتی خۆمان بەرز دەکەینەوە".

زۆرترین خوێندراو