وه‌زاره‌تی كاره‌با به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی كاره‌با ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

25.05.2023
جەماوەر نیوز

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر کیلۆواتێکی کارەبا لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار دوورە لە راستییەوە.

وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌ڵێت: کرێی کارەبا بۆ هاووڵاتیان لە هەموو شوێنێک بە بازاڕ و ستییە ئاساییەکانیشەوە هەمان نرخی جارانە و وەک خۆیەتی.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبا هاتووە: تەنیا بۆ ستییە گرانبەهەکان کە بە سیستەمی پریپەید، کارەبایەکی 24 کاتژمێرییان هەیە و موەلیدەی ئەهلییان نییە، بڕیاری داوە هەر کیلۆواتێکی کارەبا بە 156 دینار ئەژمار بکرێت.
بە گوێرەی روونکردنەوەکە، سیستەمی پریپەید تەنیا بۆ زیاترکردنی کاتەکانی پێدانی کارەبا و چارەسەرکردنی گرفتی قەرزی کارەبایە، بەهۆیەوە پێدانی کرێی کارەبا دەبێتە پێشوەختە.
وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم گەیشتووەتە نزیکەی (7400) مێگاوات، بەڵام بەهۆی کێشەی سوتەمەنی و نەختینەوە، ئێستا کەمتر کە (4200) مێگاوات بەرهەم دێت، روونیشیکردەوە: سیستەمی پریپەید بەشێکی زۆری ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات و بەرەو دابینکردنی كارەبایەكی باشتر بۆ هاووڵاتییان هەنگاو دەنێین. 
وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە پرۆسەی سیستەمی پریپەید لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەکە ماوەی ساڵێكە دەستیپێکردووە و، تا ئێستا لە لە ستییەکانی گوندی ئیتاڵی یەك و فیوچەر ستی و پارک ڤیو و جیهان ستی و گوندی لوبنانی و دریم سیتی و نازناز ستی و كواترۆ تاوەر و رۆیا تاوەر و بازاڕی لەنگە لە هەولێر و بازاڕی  دهۆک و ئەڤرۆ سیتی و بازاڕی عەلوەی سلێمانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە.


زۆرترین خوێندراو