مه‌سرور بارزانی: بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینەوه‌

27.05.2023
جەماوەر نیوز

مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگەیاند ئەمڕۆ سەردانی دەشتی زرارەتیمان لە پارێزگای هەولێر كرد و لە نزیکەوە، لە بارودۆخی جووتیارانم پرسی و بەشداریمان لە دروێنەکردنی دانەوێڵە لەم دەڤەرە کرد، کە هاوکاتە لەگەڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.
لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، جەختمان لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵی دەخاتەگەڕ لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان، بە شێوەیەک کە نابێت خەمی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان هەبێت.
مەسرور بارزانی دەڵێت ئاماژەمان بەوە دا، کە ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون، ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕییە لە دژی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینە و ناهێڵین سەر بگرێت. ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەسکەوت بۆ خۆیان بزانن. بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە ئەمە هەوڵێکی نەزۆکە و سەر ناگرێت .

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ