به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆکى حکومه‌ت پڕۆژه‌ى گه‌شانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا

25.09.2023
جەماوەر نیوز
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌ ئاماده‌بوونى مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانى حکوومه‌ت و بازرگانان، له‌ رێوڕه‌سمێکدا پڕۆژه‌ى  (گه‌شانه‌وه‌) راگه‌یه‌ندرا.

له‌ سه‌ره‌تاى رێوڕه‌سمى راگه‌یاندنى پڕۆژه‌که‌دا میران دزه‌یی، به‌رپرسى رێکخراوى تۆپ ماونتن گوتارێکى پێشکه‌ش کرد و تێیدا رایگه‌یاند، خۆشحاڵن که‌ ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌یان هه‌بێت له‌ پرۆژه‌ى گه‌شانه‌وه‌دا به‌شدارى بکه‌ن.

به‌رپرسى رێکخراوى تۆپ ماونتن وتیشی: ئاماده‌بوونى سه‌رۆکوه‌زیران له‌ راگه‌یاندنى ئه‌م پرۆژه‌یه‌دا نیشانده‌رى ئه‌وه‌یه‌، که‌ مه‌سروور بارزانى له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵه‌کانى بۆ په‌ره‌پێدانى که‌رتى تایبه‌ت و به‌هێزکردنى ئابوورى ئه‌م هه‌رێمه‌.

میران دزه‌یی ئوه‌شى خسته‌رو که‌ پرۆژه‌ى گه‌شانه‌وه‌، ده‌ستپێشخه‌رییه‌که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجام ده‌درێت و له‌لایه‌ن که‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت.

وه‌ک به‌رپرسى رێکخراوى تۆپ ماونتن باسى لێوه‌کرد، ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌ ده‌گمه‌نه‌ که‌ حکوومه‌ت و که‌رتى تایبه‌ت پێکه‌وه‌ کۆده‌کاته‌وه‌، هه‌وڵێکه‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ى که‌لێنه‌کان و زیادکردنى هه‌لى کار و داهاتى ناوخۆ له‌ هه‌رێمى کوردستان.

له‌لاى خۆیه‌وه‌ کوێستان محه‌ممه‌د، وه‌زیرى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ ده‌ستپێکى پرۆژه‌ى گه‌شانه‌وه‌ رایگه‌یاند، ئامانج له‌ پرۆژه‌ى گه‌شانه‌وه‌ پاڵپشتیکردنى بازرگانى بچووکه‌ وه‌ک داینه‌مۆى به‌هێزکردنى ئابوورى وڵات.

راشیگه‌یاند، پرۆژه‌ى گه‌شانه‌وه‌ کاریگه‌رى له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ى بێکارى و زیادکردنى وه‌به‌رهێنانى ناوخۆ ده‌بێت.

به‌پێى ناوه‌رشۆکى پرۆژه‌که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ رێگه‌ى پڕۆژه‌ى گه‌شانه‌وه‌ تاوه‌کو بڕى 150 ملیۆن دینارى عێراقى قه‌رز بۆ بزنسى بچووک و مامناوه‌ندى دامه‌زراو له‌ هه‌رێمى کوردستان دابین ده‌کات به‌ رسوماتى کارگێڕى 2%  و به‌بێ داواکردنى هیچ بارمته‌یه‌ک (ره‌هن) له‌سه‌ر قه‌رزه‌کان.وه‌قه‌رزه‌کان له‌ لایه‌ن (بانکى جیهان)ـه‌وه‌ دابین ده‌کرێن که‌ هاوکارێکى پڕۆژه‌که‌یه‌.

بزنسه‌ به‌شداربووه‌کانى  پرۆژه‌ى گه‌شانه‌وه‌  سوودمه‌ند ده‌بن له‌ وه‌رگرتنى راوێژى تایبه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن شاره‌زاى ناوخۆیى و بیانیه‌کانى رێکخڕاوى کارسازى هاوبه‌ش (Top Mountain) بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنى کاره‌ بازرگانییه‌کانى سوودمه‌ندبووانى پڕۆژه‌که‌. هه‌روه‌ها سوودمه‌ندبووان هاوکارى ده‌کرێن بۆ کردنه‌وه‌ى هه‌ژمارى بازرگانى بانکی.

پێواره‌کانى شایسته‌بوون بۆ وه‌رگرتنى قه‌رز

- پێویسته‌ هاووڵاتى کوردستانى بێت و ته‌مه‌نى له‌نێوان 21 بۆ 60 ساڵدا بێت.

- نابێت له‌ هیچ ده‌زگایه‌کى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دامه‌زراوبێت.

- پێویسته‌ له‌کاتى پێشکه‌شکردنى داواکارییه‌که‌دا، بزنسه‌که‌ لانیکه‌م 12 مانگ کارى کردبێت.

- ده‌بێت شوێنى بزنسه‌که‌ هه‌رێمى کوردستان بێت.

- پێویسته‌ بزنسه‌که‌ت که‌متر له‌ 100 کارمه‌ندى هه‌بێت.

- ده‌بێت کاره‌که‌ت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى تۆمارکردنى کۆمپانیاکانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان تۆمار کرابێت و ژماره‌ى که‌سیى بێ هاوتا (UPN) و ژماره‌ى بازرگانیى بێهاوتا (UEN) هه‌بێت.

- ئه‌گه‌ر بزنسه‌ کشتووکاڵیه‌که‌ت له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى تۆمارکردنى کۆمپانیاکان تۆمار نه‌کراوه‌، ئه‌وا پێویسته‌ ژماره‌ى که‌سیى بێ هاوتا (UPN) به‌ده‌ست بهێنیت بۆ پێشکه‌شکردنى داواکاری.

- ته‌نها یه‌کجار ده‌توانیت داواکارى پێشکه‌ش بکه‌یت.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ