یادێک بۆ کاردۆ گه‌ڵاڵى سه‌رکرده‌ و مێژووى حزبێکى تێکۆشه‌ر ...؟
27.06.2023

رزگار سید کاکه‌ره‌ش

به‌شـــــــى دووه‌م

به‌ڕێزه‌کان 
ببوورن لێم !!.
گه‌ر ڕاست و درووست پێتان ده‌ڵێم ...
له‌ بنارى ئه‌م قه‌ندیله‌ ...
کوڕه‌ کاروانچیمه‌ ،
فێرنه‌کراوم ،
ده‌گه‌ڵ هه‌موو شانۆگه‌رییه‌کى کۆمیدیدا
پێبکه‌نم.
فێرنه‌کراوم !
به‌رگى قه‌شه‌نگ بکه‌مه‌ به‌ر ووشه‌کانم .
له‌ به‌رده‌مى دیوه‌خانى ئاغاکاندا ،
به‌ شنه‌بایه‌ک سه‌ما بکه‌م !
چونکه‌ ، هه‌رگیز له‌ گونده‌که‌م
ناوچه‌ى مه‌رگه‌ و ( ده‌شتێوه‌ ) که‌م
شایى گۆڤه‌ند نه‌گێڕدراوه‌ ...
قۆڵى بووک و زاوا !!
له‌ یه‌کتری
نه‌ئاڵاوه‌ ... !؟
هاوینى /  ساڵى  ۱۹۷٨ کاردۆ گه‌ڵاڵی


دواى ڕاپه‌رین و ئاواره‌ بوونمان له‌ ساڵى  ۱۹۹۱  باره‌گاى لایه‌نه‌کانى به‌ره‌ى کوردستانى له‌ شارۆچکه‌ى شه‌قڵاوه‌ بوو ، دکتور محمود و عوسمان و ماموستا سه‌عد ، چه‌ند کادیرێکى تر له‌ باره‌گاى لقى هه‌ولێر بوون ، چه‌ند ڕێکخراوێکیان  بۆ ڕێکخستنه‌کانى هه‌ولێریان دامه‌زراند ، من و کاک عبدولرحمان حه‌مه‌د ، بووین به‌ لێپسراوى ڕێکخراوى شه‌هید ( ماموستا  صلاح ) چه‌ند ڕۆژێک مابوو بگه‌ین به‌ یادى ساڵوه‌گه‌ڕى شه‌هید صاڵح یوسفى سکرتێر و دامه‌زرێنه‌ر ... !
 چه‌ند دانه‌ له‌ فیته‌یه‌ک و نێوى سه‌تو پێنج شه‌هیدى حزبمان بۆ نووسرا بوو ، بکه‌ین به‌ پۆسته‌ر له‌ شارى هه‌ولێر بڵاویکه‌ینه‌وه‌  ، به‌رامبه‌ر ناوى شه‌هیده‌کان ساڵى له‌ دایک بوون و شه‌هید بوونى نوسرا بوو ، دواى سه‌یرکردن و خوێندنه‌وه‌مان  ناوى شه‌هیدى سه‌رکرده‌ کاردۆ گه‌ڵاڵى مێژووى له‌ سێداره‌دانى نووسرا بوو 2/5/1983  هه‌ر ئه‌وکات گه‌ڕامه‌وه‌ لاى ماموستا سه‌عد یادى به‌خێر .... پێم ووت  !  ماموستا  ئێمه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى شه‌هید کاردۆ ناسیا و هامۆشۆمان هه‌یه‌ ،  دوایش له‌ یه‌ک گه‌ره‌ک نیشته‌جێین ، پۆسته‌رى شه‌هید کاردۆ بڵاوکرێته‌وه‌، دڵنیام تووشى پرسیار ده‌بین بۆ نووسینى مێژووى له‌ سێداره‌دانى ... ووتى !  ووڕاسته‌که‌ى ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ لامانه‌ له‌ ڕۆژى ڕاپه‌رین له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئه‌منى هه‌ولێر دۆزراوه‌ته‌وه‌ ... ⁈
بۆیه‌ لێره‌ ده‌توانم بڵێم !  من یه‌که‌م پۆسته‌رى شه‌هیدى سه‌رکرده‌ ( کاردۆ گه‌ڵاڵى ) م ده‌رکرد وبڵاوکرایه‌وه‌  ، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بوو له‌ مانگى ٦   له‌م ده‌رفه‌ته‌ کوورته‌ ئاماده‌ و دروستمان کرد  زۆر ماندو بووین ... لێره‌ پێویسته‌ سوپاسى کاک شاخه‌وان قادر شۆڕش بکه‌م له‌ شێوه‌ى نووسینى پۆسته‌رى شه‌هیدان زۆر یارمه‌تى داین ، کاک ولید مام حسن گرده‌سۆرى  جیرانمان که‌ ده‌ست و خۆش نووسێکى جوان بوو ، ماموستا عزیز ڕه‌واندزى خاوه‌نى ( قرتاسیه‌ى دیار) له‌ ته‌ک بانک ئاراس بوو  دووسه‌ت دانه‌ى پۆسته‌رى شه‌هید کاردۆ ى کۆپى کرد بێ به‌رامبه‌ر ووتى : ئه‌مه‌ وه‌ک وه‌فایه‌ک بۆ شه‌هید که‌ هاوڕێم بووه‌ .
شه‌هید کاردۆ گه‌ڵاڵى له‌ ساڵى ۱۹۷٨ کتێبى عه‌لى شونهه‌ڵگرى چاپکرد ، من له‌ بیرمه‌ دانه‌یه‌کى پێشکه‌ش به‌ ( سیدکاکه‌ڕه‌ش )  ى باوکم کرد ،باوکیشم دانه‌یه‌ک کتێب و ڕۆمانی(گێله‌ پیاوی) پێشکه‌ش کرد .
شه‌هید کاردۆ خۆى یه‌کێک بوو له‌ کارگێڕانى لقى هه‌ولێرى یه‌کێتى قوتابیان و لاوان له‌ شۆڕشى ئه‌یلوول ، دواتر به‌ حه‌ق سه‌رکرده‌یه‌کى شۆڕشى نوێمانه‌ و پێوویسته‌ هۆکارى شوون بزرکردنى ئاشکرا و ڕوون بێ با چیتر پرسیار گه‌ڵێکى زۆر بێ وه‌ڵام نه‌مێنێته‌وه‌ ... 
ناکرێت لێره‌ تیشک نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر مێژووى بزووتنه‌وه‌ى سسۆسیالست وخه‌باته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ى تا په‌رته‌وازه‌ بوونى ، گه‌ر  مێژووى خه‌باتى حزبى سۆسیالست و بێنینه‌ به‌ر چاومان خوێندنه‌وه‌یه‌کى ووردى  بۆ بکه‌ین ده‌بینین پڕه‌ له‌ سه‌روه‌رى و داستان و تێکۆشان ...!
ده‌بێت ئه‌و مافه‌ به‌ خۆم بده‌م ، هه‌م وه‌ک ئه‌ندامێکى زیندانى سیاسى و هه‌م وه‌ک ئه‌ندامێک زه‌مه‌نێک له‌گه‌ڵ دۆست و خزمانم و هاوڕێکانم ساڵانێک له‌ نێو ڕێزه‌کانى ئه‌م حزبه‌ خه‌باتمان کرد و کۆڵمان نه‌دا ، وێڕاى ئه‌مه‌ش زۆرمان خاوه‌نى شه‌هید و قوربانین ، حزب له‌ ماوه‌یه‌کى کورتى خه‌باتى زیاتر له‌ دوو هه‌زار شه‌هیدى پێشکه‌شى گه‌ل و نیشتیمان کرد ، که‌ ئه‌مه‌ موڵکى هیچ که‌س و لایه‌ن و حزبێک نییه‌ ، بۆ  سه‌روه‌رى گه‌ڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و گه‌ڵیش خۆى خاوه‌نى شه‌هیدانه‌ ، له‌گه‌ڵ دانواندنى سه‌رى ڕێز و نه‌وازشم بۆ خه‌باتى ئه‌و حزبه‌ و خوێنى شه‌هیدانى .
له‌ ڕێکه‌وتى ۱۹۷٦/٤/٧ دا یه‌که‌م به‌یانى دامه‌زراندى بزووتنه‌وه‌ى سۆسیالست ڕاگه‌یاندراو بڵاوکرایه‌وه‌ ، خاڵــه‌ گرینگه‌کانى پراکتیک و ئایدلۆژیاى بزووتنه‌وه‌  " سه‌ره‌تا ، به‌رنامه‌یه‌کى زانستیانه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ماى دیموکراسى پشت به‌ستن  به‌ سه‌رکردایه‌تى به‌ کۆمه‌ڵ و حه‌رامکردنى شه‌ڕى براکوژى که‌مى ژماره‌ و پوختى ڕێکخستن ، به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌کى توند به‌رامبه‌ر سیاسه‌تى ته‌عریب و ڕاگواستن ، ڕه‌تکردنه‌وه‌ى هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ک له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ له‌سه‌ر حسابى نه‌ته‌وه‌ى کورد ، په‌یوه‌ندییه‌کى برایانه‌ له‌گه‌ڵ پارته‌ کوردستانیه‌کان ... هتد"
به‌ پێى وته‌ى کادیرانى بزووتنه‌وه‌ ، نه‌یویستووه‌ خۆى ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ ئایدوڵۆژیایه‌کى ته‌سک و سنووردار ، هه‌وڵیداوه‌ فراوان بێ تا بتوانێ هه‌موو چین وتوێژه‌کانى کۆمه‌ڵ بگرێته‌ خۆى ، خه‌باتى نه‌ته‌وایه‌تى و چینایه‌تى به‌یه‌که‌وه‌ گرێداوه‌ ... ؟
ڕێکخستن  له‌ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى  بزووتنه‌وه‌ شێوه‌یه‌کى زنجیره‌ى هه‌بوو ، ماناى تاکه‌ که‌س به‌ تاکه‌ که‌س ، له‌ سه‌ر بنچینه‌ى هێل شۆرده‌بۆوه‌ خواره‌وه‌ ، به‌ڵام خه‌ڵکه‌که‌ له‌ دواى کۆبونه‌وه‌ى دامه‌زراندن له‌ ناو ڕێکخستنه‌کانى بزووتنه‌وه‌ ڕێکخران  ، به‌شى ڕێکخستنى سه‌روو شـار و شارۆچکه‌کانى کوردستانى ده‌گرته‌وه‌ ، به‌شى ڕێکخستنى خواروو به‌غدا و شاره‌کانى ئێراقى ده‌گرته‌وه‌  ، کۆمیته‌ى سه‌رکردایه‌تى ڕێکخستن سه‌رپه‌رشتى هه‌ر دوو به‌شه‌که‌ى ده‌کرد ، تاماوه‌یه‌کى زۆر  به‌ شه‌هید على هه‌ژار ده‌سپێردرێ به‌ر له‌ بڕیارى ده‌رچونیان بۆ شاخ دواتر به‌شى ڕێکخستنى خواروو به‌ عه‌لى ڕه‌سوڵ ده‌سپێدرێ ، هه‌ندێ له‌ که‌سانى ناسراوى ئه‌وسا ڕێکخستنى شارى هه‌ولێر ( عه‌لى هه‌ژار حه‌سیب ، کاردۆ گه‌ڵاڵى سواره‌ ، ماموستا مه‌لا ناسیح ، قادر شۆڕش ، سه‌لیم ئاغۆک ، ماموستا عبدوڵا  ئیسماعیل ، ماموستا ئه‌مین قادر ، ماموستا سه‌عد عبدوڵا باوکى گۆران ، عه‌لى ڕه‌سوڵ ، مه‌لا خدر ، مه‌لا عومه‌رى چڵ هه‌وێزه‌ ، ئه‌نوه‌ر عومه‌ر ساڵح ، قادر مه‌لا سابیر بێکه‌س ، ئه‌بوبه‌کر سۆربه‌شى دیار ، عبدوڵا ڕه‌شید ، نه‌وزاد حه‌مه‌ عه‌لى ، عبدوڵا ئه‌حمه‌د داود ناسراو به‌ مامه‌ ، ماموستا حه‌مده‌مین ، ماموستا سید سه‌لام گۆمه‌شینى ، شێخ که‌ریم هیرانى ، محه‌مه‌د مه‌نگوڕى ... هتد ) هه‌ر شارێکیش کۆمیته‌ى تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌بوو ، یه‌کێک له‌ هێله‌ هه‌ره‌ چاڵاکه‌کان ڕێکخستن  ، هێلى کاردۆ گه‌ڵاڵى بوو ، که‌ خۆى سه‌رپه‌رشتى کردوه‌ و زیاتر  خوێندکار و لاو بوون ، ئه‌مانه‌ به‌شێکن له‌ ناوه‌کان ( عومه‌ر  مه‌حمه‌د ئه‌مین ماموستا کاوه‌ ، ماموستا موحسین عوسمان ،  سه‌لاح مه‌حمه‌د ماموستا سلاح ، کامه‌ران قادر شۆڕش ، بڕهان مام یاسین به‌هرۆز گه‌ڵاڵى ، موحسین عبدلرحمان  ڕێبوار ، سمکۆ ئه‌نوه‌ر ، محمد عومه‌ر دارا ، سه‌لام مه‌لا نورى شێرکۆ ، ئه‌نوه‌ر د . په‌روه‌ر ، سه‌مه‌د حه‌مه‌د ماموستا به‌ڵێن ، ئحسان گڵى خه‌سرۆ ، کاکل حه‌سه‌ن ئاسۆ ... هتد )  ستر و کتۆرى ڕێکخستن له‌ ساڵه‌کانى دواتر گۆڕدراوه‌ شێوه‌یه‌کى هه‌ره‌مى وه‌رگرتووه‌ واته‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ و لق و پۆپى لێبۆوه‌ .
له‌  8/8/1976 هه‌ندێ له‌ کادیره‌ سه‌ربازیه‌کان ده‌نێرێته‌ شاخ بۆ جولانه‌وه‌ى چه‌کدارى له‌ نێوانیاندا  " عه‌لى عه‌سکه‌رى ، دکتور خالید سه‌عید ، سه‌عدى گچکه‌ ، سه‌ید کاکه‌ ،ملازم تایه‌ر عه‌لى والى ، ڕه‌سوڵ مامه‌ند ، عومه‌ر مسته‌فا ده‌بابه‌ ، یاسن قادر ، قادر عه‌زیز ، به‌کر حه‌مه‌ ... هتد " دواى چونه‌ده‌ره‌وه‌یان بۆ شاخ بڕیاردرا دوو سه‌رکردایه‌تى درووست بکه‌ن ! سه‌رکردایه‌تى شاخ به‌ سه‌رپه‌رشتى عه‌لى عه‌سکه‌رى سه‌رکردایه‌تى ناوه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتى سه‌یدا ساڵح یوسفى هه‌ردوو سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ ده‌توان بڕیار له‌ سه‌ر هه‌ر هه‌نگاوێک بده‌ن  له‌ به‌رژه‌وه‌ندى بزووتنه‌وه‌ دابێ ، دواى هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌  له‌ نیمچه‌ به‌ره‌ى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان ، یه‌کگرتنى بزووتنه‌وه‌ و کۆمیته‌ى ئاماده‌کارى پارتى دیموکراتى کوردستان  ، ڕێکخراوێک بوون  له‌لایه‌ن هه‌ندێ له‌ کادیرانى پێشکه‌وتووى پارتى له‌وانه‌ " دکتور مه‌حمود عوسمان ، شه‌مسه‌دین موفتى ، عه‌دنان موفتى ، قادر جه‌بارى ...هتد " ئه‌وکات باره‌گاکانیان ده‌گواسته‌وه‌ گوندى گۆڕه‌شێر ، کۆمیته‌یه‌کى هاوکارى  له‌ نێوان هه‌ر دوو سه‌رکردایه‌تى پێک ده‌هێندرێ  له‌ مانگى ٢/ ١٩٧٩ له‌ ٨/٨/۱۹۷۹ کۆنفرانسێک ده‌به‌ستن له‌ گوندى دۆڵه‌توو ، حزبى سۆسیالستى یه‌کگرتووى کوردستان ڕاده‌گه‌ینن ، سه‌رکردایه‌تى حزبه‌که‌ ده‌سپێرن به‌ : ڕه‌سوڵ مامه‌ند ، تایه‌رى عه‌لى والى ، دکتور مه‌حمد عوسمان ... ؟

به‌ڵام له‌ ڕۆژى ۹ / ٤ / ۱۹۷۹ له‌ ژوورى پارێزه‌رانى ده‌دگاى شارى هه‌ولێر  سیخوره‌کانى ڕژێمى به‌عس قودسیه‌ت و حورمه‌تى دادگا ده‌به‌زێنن ، هه‌ر دوو پارێزه‌رى کوردپه‌روه‌ر عه‌لى هه‌ژار و کاردۆ گه‌ڵاڵى ڕاپێچ ده‌که‌ن ، ده‌سگیر کردنیان له‌ نێو دادگاى هه‌ولێر به‌هێزترین فاکتى ئاشتیخوازى میله‌تێکه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ و ئاوێنه‌ى جامى ئه‌و تاوانانه‌یه‌ ، ڕژێمێک له‌ ته‌مه‌نى جکومڕانیدا به‌ هه‌زاران تاوانى نامرۆڤانه‌ى به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌مان ئه‌نجامداوه‌ ... دواتر به‌ ڕاپه‌رین  کۆتایى به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستیه‌ هات  ...  شه‌هیدان  هیواى میله‌تێک بوون ، ئه‌وانیش سته‌مکار و مرۆڤ کوژ و سه‌ره‌ڕۆ بوون ، هه‌ر دوێنێ وه‌ک وه‌حشیگه‌رییه‌کى نه‌فام ته‌بلیغات و سیخوڕیکردن خۆفرۆشى  ڕاووه‌دونانى ڕۆڵه‌کانى کورد پیشه‌یان بوو ... ئه‌مڕۆش کوردستان   جێى ئامان و ئاسایشى وانه‌... !؟
ســـاڵى ۱۹۷۹ کاتێک ســه‌دام حسین ى دیکتاتۆر بوو به‌ سه‌رۆک کۆمارى عێراق ، له‌ یه‌که‌م گه‌شتى هاتنى بۆ شارى هه‌ولێر ، دایکى شه‌هید کاردۆ و براکانى نامه‌یه‌کیان له‌ سه‌ر شوون بزرکردنى کاردۆ ڕاده‌ست کرد ، له‌ ده‌ره‌وه‌ى  هه‌ولێر نزیک شارۆچکه‌ى شه‌قڵاوه‌ له‌ گوندى میراوه‌  ، کاک جه‌وهه‌ر قه‌هار ى براى نامه‌که‌ى گه‌یانده‌ ده‌ست سه‌دام حسین ، دواى دوو مانگ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئه‌منى هه‌ولێر  به‌ دواى کاک جه‌وهه‌ر یان  نارد پێیان  گووت ! " کاردۆى برات بۆ ده‌ره‌وه‌ ڕۆیى ، هه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ش  کوشتیان ... هیچ کارمان پێت نه‌ما  ئێستاش ده‌توانی بڕۆیت ..."


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ