عێراق سیاسەتی جەمسەرگیری ڕەتده‌كاته‌وه‌

23.08.2019
جەماوەر نیوز
ڕۆژی پێنج شەممە 22ی ئاب لە کۆشکی سەلام لە بەغدا ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی کۆبوونەوە.
لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی ڕەوشی ئەمنی وڵات و بەتایبەتی تەقینەوەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی کرا، لەو بارەیەشەوە بڕیار درا بە لێکۆڵینەوەو کۆکردنەوەی زانیاری لایەنە پەیوەندیدارە نیشتمانییەکانەوە. 
ھاوکات ئامادەبووان بڕیاریاندا، لەسەر بەردەوامی پابەندبوونی عێراق بە ناوەڕۆکی (بەڵگەنامەی نیشتمانی سیاسەتی یەکگرتووی عێراق) سەبارەت بە دوا پێشھاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکەش کە جەخت لە گرنگی بەھێزکردنی یەکڕیزی سیاسی ناوخۆیی دەکات، ھەروەھا داکۆکیش لە بنەمای پارێزگاریکردن لە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری و سەربەخۆیی عێراق و ڕەتکردنەوەی سیاسەتی جەمسەرگیری و ڕەتکردنەوەی یەکتر و دورگرتنی عێراق لەوەی بکرێتە پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بەشداربووان، ئاماژەیان بەگرنگی پابەندبوون بە ھەڵویستی دەوڵەتی عێراق کرد بە ھەموو دەزگا جێبەجێکار و یاساییەکانییەوە، کە پێشتر خۆی یەکلایی کردووەتەوە لە روودانی ئاڵۆزی و شەڕ و گێرانی ڕۆڵێکی گرنگ و لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و گەشەپێدانی ئابووری و ھاریکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، جەختییان لەبەرپرسیاریەتی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایش و مافەکان و مۆڵک و سامانی ھاووڵاتیان کردەوە، ھەروەھا ڕێککەوتن لە سەر چاوەڕوانکردن لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بڕیاردان لە سەر ھەڵوێستێکی یەکگرتووی عێراق، کە مافەکانی عێراق و ئاسایش و سەربەخۆیی و سەروەری خاکەکەی بپارێزێت، ھاوکات دووپاتیان لە گرنگی بەدواداچونی زانیاری ھەواڵگری و ئەمنی ورد لە بارەی تیرۆریستانی داعش کردەوە بۆ ڕێگاگرتن لە دووبارە خۆ ڕێکخستنەوەی داعش تا وەکو بە یەکجارەکی لە ناو ببرین. 
لە کۆبوونەوەکەدا، قارەمانیەتی و ڕۆڵی نیشتمانی ھێزە سەربازییەکان بە گشت پێکھاتەکانییەوە لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و ھۆزەکان لە جەنگی دژ بەتیرۆریستان و قوربانییەکانی ئەو ھێزانە بەرزنرخێندرا، ھەروەھا ئامادەبووان ڕێز و پێزانینیان بۆ حەشدی شەعبی وەک بەشێکی کاریگەر لە سیستەمی بەرگری نیشتمانی عێراقی دەربڕی و دووپاتیشیان لە پێویستی جێ بەجێکردنی فەرمانی دیوانی تایبەت بەپەیوەندی حەشد بەسیستەمی بەرگری نیشتمانییەوە کردەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان، پێداگریان لەوە کرد کە دەبێت ھەر بڕیارێکی ئەمنی و سەربازی و ھەر ڕێگاپێدانێکی لەو بارەیەوە، تایبەت بێت بەفەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانەوە بەپێی بڕگەکانی دەستوور، لە بەرئەوە دەبێت ھەموو دامەزراوەکان و سەرکردە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەکان پابەندبن بەو بڕیارەوە.

زۆرترین خوێندراو