دۆخی ئه‌منی عێراق ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كۆده‌كاته‌وه‌

27.08.2019
جەماوەر نیوز
بڕیاره‌ سبه‌ی چوارشه‌ممه‌ 28ی ئاب ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر بارودۆخى عیراق كۆببێته‌وه‌ و گفتوگۆ له‌باره‌ی ره‌وشی ئه‌منی عێراق بكات.
به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ ناوه‌نده‌كانی ڕاگه‌یاندن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ سبه‌ی كاتژمێرى 10ى سه‌رله‌به‌یانى به‌كاتى نیویۆرك ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى دانیشتنێك له‌سه‌ر بارودۆخى عیراق ئه‌نجامده‌دات و له‌سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جینین هینیس بلاسخارت نوێنه‌رى ئه‌میندارى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق بابه‌تێك له‌سه‌ر بارودۆخى وڵاته‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كات.
له‌ ماوه‌ی ڕابردوو چه‌ند فرۆكه‌یه‌كی بی فڕۆكه‌كه‌وانی نه‌ناسراو ژماره‌یه‌كی كۆگای چه‌كی هێزكانی حه‌شدی شه‌عی كرده‌ ئامانج و به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كوژراو برینداری لێكه‌وته‌وه‌.