د.به‌رهه‌م ساڵح: ھاوڵاتیانی عێراق چاوەڕێی قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی دەکەن

01.09.2019
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ یەک شەممە 1ی ئه‌یلول لە کۆشکی سەلام د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێرق كۆبووه‌ له‌گه‌ڵ جینین ھینیس بلاسخارت ، نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌قی ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی بۆ جه‌ماوه‌رنیوز ناردووه‌ تێدا هاتووه‌ لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ھەوڵەکانی بۆ پشتیوانی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا ، ھاوکات ئاماژەی بە پێویستی چڕکردنەوەی ھەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ یارمەتیدانی عێراق لە بینی ڕۆڵی گرنگی خۆی بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەو بەرجەستەکردنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک كۆماری عێراق ڕایگەیاند ھاووڵاتیانی عێراق چاوەڕێی قۆناغێکی نوێی ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی دەکەن.
لەلای خۆیەوە بلاسخارت پشتیوانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ عێراق دووپاتکردەوە لە گشت بوارەکاندا، ھاوکات جەختی لەبەردەوامبوونی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردەوە بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژکار و ھاریکاری و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ