هه‌زار و دووسه‌د خێزانى عه‌ره‌ب هاتونه‌ته‌ که‌رکوک

04.09.2019
جەماوەر نیوز
دیار ئاواره‌
به‌رپرسێکى حزبى له‌ که‌رکوک ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت که‌ له‌ دواى داگیرکردنى که‌رکوک له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ 1200 خێزانى عه‌ره‌ب به‌ هاوكارى و پشتگیریکردنى پارێزگا سه‌پێندراوه‌که‌ى که‌رکوک هاتونه‌ته‌ شاره‌که‌و نیوه‌ى زیاترى ئه‌و خێزانانه‌ش فۆرمى خۆراکیان گواستۆته‌وه‌و کارتى نیشته‌جێبونیان بۆ کراوه‌و و له‌ ئێستاشدا وه‌ك هاوڵاتییانى که‌رکوک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت.
حه‌سه‌ن ئه‌مین, شێخانى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوکى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى کوردستان به‌ جه‌ماوه‌ر نیوزى ڕاگه‌یاند ئه‌و سیاسه‌ته‌ى که‌ له‌ ئێستادا له‌ که‌رکوک جێبه‌جێده‌کرێت هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ که‌ ڕژێمى به‌عسى له‌ناوچوو ئه‌نجاميده‌دا و ئه‌وه‌شى که‌ ڕاکانى جبورى پارێزگا سه‌پێندراوه‌که‌ى که‌رکوک ئه‌نجاميده‌دات کاریکى ناشه‌رعى ونایاساییه‌ وده‌چێته ‌چوارچێوه‌ی دیکتاتۆریه‌ته‌وه‌.ئه‌و ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ کار ده‌کات که‌  ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ کورد له‌ که‌رکوکدا هه‌یه‌ هه‌مووى له‌ ناو بدات و بیسرێته‌وه ‌و گۆڕانکاری له‌ دیموکرافیه‌تى شاره‌که‌ ئه‌نجامبدات.
ناوبراو وتيشى هه‌ر که‌ کاتێک پارێزگاره‌ سه‌پێندراوه‌که‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ى گرته‌ ده‌ست یه‌که‌م هه‌نگاو که‌ ده‌ستى پێکرد به‌ هاوکارى حه‌شدى شه‌عبى پرۆسه‌ى ته‌عریبکردنى شاره‌که‌ى ئه‌نجامداو ڕێگه‌ى به‌و عه‌ره‌بانه‌دا له‌ که‌ سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عس هاتبونه‌ ناوچه‌که‌و له‌ دواى پرۆسه‌ى ئازادکردنى عێراق گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ لێیه‌وه‌ هاتبوون دووباره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ وه‌کو چۆن له‌ سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عس هه‌موو کارئاسانییه‌کیان بۆ ده‌کرا ئه‌میش ئه‌وه‌ی بۆیان کرد ،له‌ دواى 16ى ئوکتۆره‌وه‌ 1200 خێزانى عه‌ره‌ب هاتونه‌ته‌ شاره‌که‌و هه‌موو شتێکیان بۆ کراوه‌و له‌ نیوه‌ى زیاترى ئه‌و خێزانانه‌ش فۆرمى خۆراکیان بۆ گوێزراوه‌ته‌وه‌و کارتى نیشته‌جێبونیان بۆ کراوه‌و و وه‌کو هاوڵاتییه‌کى ڕه‌سه‌نى دانیشتووى که‌رکوک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت.
ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى که‌ هاتونه‌ته‌ شاره‌که‌ زۆرینه‌یان هى ناوچه‌ عه‌ره‌ب نشینه‌کانى که‌رکوکن وکه‌س وکارى ئه‌و داعشانه‌ن كه‌ دژى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ ده‌جه‌نگان. حه‌سه‌ن شێخانى ئاماژه‌شى به‌وه‌دا ، ئه‌گه‌ر کورد له‌ ڕێگاى یاساو ده‌ستوره‌وه‌ فریاى که‌رکوک نه‌که‌وێت ئه‌وا کێشه‌کان زیاتر قوڵ ده‌بێته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت کێشه‌ى هێنانى عه‌ره‌ب به‌ به‌رده‌وامى بۆ که‌رکوک ، چونکه‌ پارێزگا سه‌پێندراوه‌که‌ى که‌رکوک هه‌موو هه‌وڵێکى خستۆته‌ گڕ بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌ى عه‌ره‌ب له‌ که‌رکوک زیاتربکات وکاره‌کانى له‌و ڕووه‌وه‌ چڕ کردۆته‌وه‌ و وهه‌وڵه‌کانیشى له‌و ڕووه‌وه‌ که‌یشتۆته‌ ئاستێکى مه‌ترسیدار وگوێش به‌ که‌س نادات وهه‌رچیش بییه‌وێت ئه‌نجاميده‌دات به‌بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یاسا و ده‌ستور که‌ ئه‌وه‌ش بۆ ئێستا و ئاینده‌ى که‌رکوک وکوردیش خراپه‌.
حه‌سه‌ن شێخانى جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ ، که‌ تاکو شاره‌که‌ به‌ ده‌ست کورده‌وه‌ بوو و پارێزگاره‌که‌ى کورد بو کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى بۆ ئه‌نجامدرا ، به‌ڵام له‌و کاته‌ى ده‌سه‌ڵاته‌که‌ که‌وتۆته‌ ده‌ست راکان جبورى وهێزى سه‌ربازى وحه‌شدى شه‌عبیش ته‌نانه‌ت یه‌ک پرۆژه‌ى بچوکیش بۆ شاره‌که‌ نه‌کراوه‌ به‌مه‌ش ده‌رکه‌وت که‌ له‌ کورد زیاتر هیچى که‌س ولایه‌نێکى دیکه‌ خه‌مى که‌رکوک ناخوات وده‌سه‌ڵاته‌که‌ى ئێستاى شاره‌که‌ش ته‌نها بۆ پێگه‌و به‌رژه‌وه‌ندى خۆى کار ده‌کات وخه‌مى شاره‌که‌و دانیشتوانه‌که‌ى ناخوات و له‌ ئێستا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک دژایه‌تى که‌رکوک ده‌کرێت و فشارێکى زۆر ده‌خرێته‌ سه‌ر کوردانى که‌رکوک بۆ ئه‌وه‌ى شاره‌که‌ به‌جێ بهێڵن ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک رێژه‌ى ده‌نگده‌رى کورد که‌م بکرێت .