هه‌ردوو لیژنه‌ى ڕۆشنبیرى و لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى په‌رله‌مان به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ ئاژانسى سى ئێف ئاى میدیا کۆبونه‌وه‌

30.09.2019
جەماوەر نیوز
پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 30-9-2019 به‌مه‌به‌ستى داڕشتنه‌وه‌ى پرۆگرامێکى تایبه‌ت به‌ یه‌کسانى جێنده‌رى و به‌هێزکردنى رۆڵى ژن له‌ میدیا  به‌سه‌رپه‌رشتى لوقمان وه‌ردى سه‌رۆکى لیژنه‌ى ڕۆشنبیرى و کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و وه‌رزش و لاوان ، ڕۆمیۆ هه‌کارى سه‌رۆکى لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى و داکۆکى کردن له‌ مافى ئافره‌ت و مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى کوردستان ،و به‌شێک له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌ هه‌ردوو لیژنه‌ پێشوازیان له‌ وه‌فدێکى نێرده‌ى فه‌ره‌نسى کرد.

وه‌فدێکى نێردراوى فه‌ڕه‌نسى که‌ پێکهاتبوون له‌ ئینگرید بێرتۆ به‌رپرسى پرۆگرامه‌کانى عێراقى ئاژانسى سى ئێف ئاى میدیا، شه‌یدا حیسامى راوێژکار سى ئێف ئاى میدیا بۆ جێنده‌ر ومیدیا و به‌ڕێوبه‌رى گشتى ڕێکخراوى فه‌ڕه‌نسى یارمه‌تى مرۆیی، ئامانجى سه‌ردانى وه‌فده‌که‌ بۆ ڕاوێژکارییه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان و عێراق، به‌مه‌به‌ستى داڕشتنه‌وه‌ى پرۆگرامێکى تایبه‌ت به‌ یه‌کسانى جێنده‌رى و به‌هێزکردنى ژن له‌ میدیا .

سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌که‌ى په‌رله‌مان سوپاسى شاندى میوانیان کرد، که‌ ده‌ستیان بۆ بوارێکى هه‌ستیار و کاریگه‌ر بردووه‌ ئه‌ویش یه‌کسانى جێنده‌ر و به‌هێزکردنى رۆڵى ژنه‌ له‌ میدیا، جه‌ختیان کرده‌وه‌ که‌ هه‌موو هاوکارى و کارئاسانیه‌ک ده‌که‌ن، به‌مه‌به‌ستى جێ به‌جێ کردنى به‌رنامه‌ى ئاژانسى سى ئێف ئاى میدیایى ،به‌تایبه‌ت کردنه‌وه‌ى خولى راهێنان و وۆرکشۆپ له‌ شارو شارۆچکه‌کانى کوردستان ، هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ریه‌ک له‌ په‌رله‌مانتاران مه‌م برهان قانع و گولستان سه‌عید و مسلیم عبدالله‌ قه‌سرێ، تیشکیان خسته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێک بۆ خزمه‌تکردنى رۆڵى میدیایى ژنان له‌کوردستان و کارکردنى ئاژانسه‌که‌ له‌ داهاتوودا. هاوکات بڕیاردرا له‌داهاتوو هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى به‌رده‌وام بێیت له‌نێوان هه‌ردوولا و لیژنه‌کانى په‌رله‌مان سه‌رنج و رێنمایى پێویست ئاراسته‌ى ئاژانسى ناوبارو بکه‌ن بۆ به‌رچاو روونى کارى ئاینده‌یان له‌ هه‌رێمى کوردستان .