کێ لەپشت خۆپیشاندانەکانی عێراقەوەیە؟

03.10.2019
جەماوەر نیوز

د.سه‌نگه‌ر سه‌ید قادر
خۆپیشاندانەکانی عێراق ماوەی دوو ڕۆژە دەستی پێکردوە و لە کۆی ١٤ پارێزگاێ عێراق لە ٩ پارێزگا  خۆپیشاندەران هاتوونەتە سەر شەقام و توندوو تویژی زۆری لێکەوتووەتەوە بە جۆرێک لە دوو ڕۆژدا ٨  کوژراو زیاتر لە ٤٠٠ برینداری لێکەوتووەتەوە.
خۆپیشاندانەکان چۆن دەستی پێکرد؟
ڕەنگە هۆکاری ڕووکەشی خۆپیشاندانەکان گەندەڵی و دانەمەزراندن و بێکاری و خراپی دۆخی ئابووری و خزمەتگوزاریەکان بێت، بەڵام ئەم هۆکارانە تەنها ڕووکەشن و چەندین ساڵە بوونی هەیە و تازە نیە، بۆیە هۆکاری ڕاستەقینەی خۆپیشاندانەکان ململانێی ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئێرانەوە هەیە، چونکە وابڕیاربوو هەفتەی داهاتوو پەرلەمان لەسەر پرسی هێرشەکانی ئیسرائیل و دەرکردنی هیزە بیانیەکان لە ڕێگای پرۆژەیاسایەکەوە کۆببێتەوە کەئەوەش شەرعیەتی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
 هۆکارێکی تر پەیوەستە بە ململانێ ئەمەریکا و ئێران لەسەر گۆرینی حکومەتی عێراق، سەرەتای تەقینەوەی  ململانێکان لەدوای ئەوەهات عادل عبدلمەهدی ڕۆژی ٢٣ مانگی ڕابردوو لەسەر داوای تاڵب شغاتی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بڕیاری لە کار دوورخستنەوەی عبدالوهاب ساعدی  فەرماندەی هێزی دژەتیرۆری دەرکرد و ڕۆژی شەمەی ڕابردوو بڕیارەکە ئاشکرا و ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە لەبەر چەند هۆکارێک:

١- عبدالوهاب ساعدی خاوەن هێزێکی جەماوەری زۆرە بەتایبەت پارێزگا سونەکان و وەک پاڵەوانی شەڕی داعش ناسراوە
٢- عبدالوهاب ساعدی کەسێکی نزیکی حیزبی  دەعوەیە و ئەوەش مالیکی و حیزبی دەعوەی نیگەران کرد
٣- هێزی دژە تیرۆری عێراق و هێزە ئاڵتوونیەکانی عێراق ئەوو دوو هێزەن کە تاڕادەیەک لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکادان و ئێران دەیویەوێت لە لاوازی حکومەت و سوپای عێراقدا دەست بەسەر ئەو هێزەدا بگرێت و تاکە ڕێگریش لەبەردەم ئێراندا  عبدالوهاب ساعدی بوو لەلایەکی ترەوە ئەمەریکا نیگەرانە لە دۆخی لاوازی  حکومەت و سوپا و دەزگای هەواڵگری عێراق کەلەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بۆیە دەیویست لە ڕێگای هێزی دژەتیرۆرەوە سنورێک بۆ حەشدی شەعبی دابنێت و لە جێگای تاڵب شغاتی  عبدالوهاب ساعدی بکات بە فەرماندەیدوزگای دژەتیرۆر و ئێران و عبدالمەهدیش ئەوەیان بەکودەتا ناوبرد و ڕێگریان لێکرد.
٣- دۆخی  حکومەتی ئێستای عێراق بۆ ئەمەریکیەکان جێگای مەترسیە و پلانی  گێڕانەوەی حزبی دەعوەیان هەیە بۆ دەسەڵات، چونکە حکومەتێکی بەهێزی عێراق ڕێگری لە دەسەڵات و نفوزی ئێران دەکات.
کێ لەپشت خۆپیشاندانەکانەوەیە؟
 ئەوەی ڕوونە کە جوڵێنەری ڕاستەوخۆی خۆپیشاندانەکان ئەمەریکایە، بەڵام لە ڕێگەی هێزە عێراقیە کاریگەرەکانەوە کە بەرژەوەندیان هاوتەریبی ئەمەریکایە لە ڕووخاندنی حکومەتەکەی عبدالمەهدیدا  ئەو هێزانەش بریتین لە:
١- حیزبی دەعوە و خودی مالیکی کە کۆنترۆڵی هێزی دەوڵەتی قوڵی عێراقی کردوە و خەونی گەڕانەوەی هەیە بۆ دەسەڵات ئەمەریکاش پشتیوانی ئەم  هەنگاوە دەکات  هەربۆی مالیکی و دەعوە وەک یەکەم هێزی سیاسی پشتیوانی خۆی بۆخۆپیشاندانەکان دەربڕی. 
٢- موقتەدا سەدر: موقتەدا  سەدر لەبەردەم ئیحراجیەکی گەورەی لایەنگرانی دایە بەتایبەت کە ئێستا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نزیک بووەتەوە، چونکە سەدر مانگی ١٠(تشرینی یەکەم)ی ساڵی ڕابردوو  کاتێک متمانەی بە عبدالمەهدی دا ڕایگەیاند تەنها ساڵێک مۆڵەت دەدات بە عبدالمەهدی ئەگەر  دۆخی عێراق نەگۆڕێت متمانەی لێدەسەنرێتەوە، بۆیە ئێستا ساڵەکە تەواو بوو و هەوڵیکی جدیش هەبوو بۆ لەکاردانی عبدالمەهدی حکومەتەکەی، بەڵام لە کۆتا ساتدا و هەفتەی ڕابردوو عه‌لی خامەنەئی لە ڕێگەی نامەیەکەوە بە سیاسیە عێراقیەکانی ڕاگەیاند کە عبدلمەهدی دەبێت لەجێگای خۆی بمێنێتەوە ئەوەش سەدری توشی بێ ئومێدی کرد بۆیە بەناڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆپیشاندەران دەکات، چونکە نایەوێت پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا تێکبچێت.
٣- هێزە سونەکان: بەشێکی زۆری هێزە سونەکان  لەبەردەم مەترسی گەورەدان بە هۆی ئەو دەسەڵاتە فراوانەی ئێران بەسەر عێراقدا کە بووە تە هۆی گۆڕینی دیموگرافیای شارەکان و هێزە سونەکان کەنارگیرخراوان.
٤- لە نێوان بەرەی سونە و شیعەدا  ئەیاد عەلاوی یەکێکی ترە لەوانەی پشتیوانی خۆپیشاندەران دەکات بە ئاشکرا و جگە لە عەلاوی هەموو ئەو هێزە بچوکانەی میلیشای چەکداریان نیە پشتیوانی خۆپیشاندەران دەکەن، چونکە هێزیان نەماوە وبەرژەوەندیە ئابووریەکانیان کەوتووەتە مەترسیەوە.
ئایندەی خۆپیشاندانەکان بە کوێ دەگات ؟
 هەرچەندە پێشبینی کردنی گۆڕانکاریەکان بۆ عێراق قورسە، چونکە شیکاری سیاسی پشت بە بنەما زانستی و عەقڵیەکانی سیاسەت کردن دەبەستێت و ئەو عەقڵیەتە لە عێراق بوونی نیە، بۆیە زۆر جار شیکاریەکان پێچەوانە دەبێتەوە،بەڵام بەکورتی ئەوەی چاوەڕێ دەکرێت خۆپیشاندانەکان بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوامی دەبێت و دواتر بە هەندێک بڕیار و گۆڕانکاری سەرپێی خۆپیشاندەران سارد دەکرێنەوە و ئێرانیش لە ڕێگای بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان بۆ توندوتیژی و ئاژەوەگێری خۆپیشاندانەکان لە ئامانجەکەی دوردەخاتەوە و بەلاڕێیدا دەبات، چونکە فەسەڵات نفوزی ئێران لە عێراق زۆر لە ئەمەریکا بەهێزترە و ڕێگەنادات پیلانەکەی ئەمەریکا سەربکەوێت.
کورد ڕۆڵی چی دەبێت لە جۆپیشاندانەکاندا؟
بۆ کورد ڕەنگە باشترین بژاردە بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان بێت تا کۆتای ئەمساڵ بەشێوەیەکی ئاشتیانە کە ئەمە قورس و مەحاڵە ڕووبدات، بۆیە بژاردەی دووەم هەمان خواستی ئێرانی لە بەرژەوەندی کوردە بە کۆتایهاتن بە خۆپیشاندان و مانەی عادل عبدلمەهدی لە جێگای خۆیدا.
چونکە بوونی حکومەتێکی لاواز و پرکێشە و ململانێ لە بەغداد لە بەرژەوەندی کوردە و دەتوانێت کارتە سیاسیەکانی باشتر بەکار بهێنت بەتایبەت لە پرسی بودجە و هەڵبژاردنی ناوچە جێناکۆکەکاندا، بەڵام بەهۆی لاواز و دابەش بوون و نەبوونی پلانەوە کورد ناتوانێت ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە چنینەوەی دەستکەوتەکاندا و تەنها چاوەڕی لێکەوت و بەرکەوتەکان دەکات ، بەڵام ئەوەی مەترسیە کە خۆپیشاندانەکانی عێراق کە ئەمەریکای لە پشتە ئێران هاندەدات بۆ مەترسی دروستکردن بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لە عێراق کە چەقی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاش کوردستانە بۆ یە ئێران چەکی ئاڵۆزکردنی باروودۆخی کوردستان دژی ئەمەریکا وەک وەڵامێک بەکار دەهێنێت.


زۆرترین خوێندراو