ته‌وه‌رێکى سه‌ره‌کى دیبه‌یتى دیموکراته‌کان لێکۆڵینه‌وه‌کانى کۆنگرێس له‌سه‌ر دۆناڵد ترامپ بوو

21.11.2019
جەماوەر نیوز
دیموکراته‌کان شه‌وى ڕابردوو دیبه‌یتێکى دیکه‌یان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى ساڵى 2020 ئه‌نجام دا و مه‌سه‌له‌ى لێکۆڵینه‌وه‌کانى کۆنگرێس له‌سه‌ر سه‌رۆک ترامپ ته‌وه‌رێکى سه‌ره‌کیـیان بوو.

دیبه‌یته‌که‌ له‌ شارى ئه‌تله‌نتاى پایته‌ختى ویلایه‌تى جۆرجیا به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا له‌ کۆى 17 کاندیدى دیموکرات، 10 کاندیدیان به‌شداریـیان کردبوو، ئه‌وانیش:

کۆرى بووکه‌ر، سیناتۆرى ویلایه‌تى نیو جێرزی.
تولسى گاببارد، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ ویلایه‌تى هاوایی.
ئه‌یمى کلۆبه‌شار، سیناتۆرى ویلایه‌تى مینه‌سۆتا.
پـیت بوتجێج، سه‌رۆکى شاره‌وانى شارى ساوپ بێندى ویلایه‌تى ئیندیانا.
ئلیزابێپ وارن، سیناتۆرى ویلایه‌تى ماسه‌چوسێتس.
جۆو بایدن، جێگرى سه‌رۆکى پـێشووى ئه‌مه‌ریکا.
بێرنى سانده‌رز، سیناتۆرى ویلایه‌تى ڤێرمۆنت.
که‌مه‌ڵا هه‌ریس، سیناتۆرى ویلایه‌تى کالیفۆرنیا.
ئه‌ندرۆ یه‌نگ، کاردار.
تۆم ستێری، ملیاردێر.


بێرنى سانده‌رز گوتى ترامپ هه‌ره‌ گه‌نده‌ڵترین سه‌رۆکه‌ له‌ مێژووى ئه‌مه‌ریکاى نوێدا، به‌ڵام جه‌ختى کرده‌وه‌ که‌ نابێت له‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى دیموکراته‌کاندا ته‌نیا سه‌نگى بخرێته‌ سه‌ر ڕه‌خنه‌کانیان له‌ سه‌رۆک ترامپ، به‌ڵکو پـێویسته‌ سه‌نگى بخه‌نه‌ سه‌ر گرفته‌ ئابوریـیه‌کانى خه‌ڵکى ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه‌.

خانم ئلیزابێپ وارن ئه‌ویش گوتى کۆنگرێس ڕێوشوێنێکى ئه‌وتۆى نه‌گرته‌به‌ر له‌ به‌رامبه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌کانى ڕۆبه‌رت مۆله‌ر لێکۆڵه‌رى تایبه‌ت له‌ مه‌سه‌له‌ى ده‌ستێوه‌ردانى ڕووسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى ساڵى 2016 ، بۆیه‌ سه‌رۆک ترامپ به‌بێ گوێدانه‌ ئاکامه‌کان فشارى خستووه‌ته‌ سه‌ر ئۆکرانیا تاوه‌کو لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر کوڕى جۆو بایدن بکات.

جۆو بایدن لاى خۆیه‌وه‌ گوتى سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ربێت و به‌ سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا هه‌ڵبژێردرا ئه‌وا هیچ ده‌ستێوه‌ردانێکى له‌ وه‌زاره‌تى داد نابێت به‌ ئامانجى لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر دانۆڵد ترامپ، به‌ڵکو ئه‌و کاره‌ بۆ وه‌زیرى داد جێده‌هێڵێت.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانی، بایدن گوتى ببێت به‌ سه‌رۆک ئه‌وا ئه‌مه‌ریکا وه‌ک پـێش سه‌رده‌مى سه‌رۆک ترامپ لێده‌کاته‌وه‌ له‌ ڕووى په‌یوه‌ندى و هاوپه‌یمانێتیـیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ی، له‌وانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو په‌یماننامه‌ى پاریس بۆ که‌ش‌وهه‌واى جیهان.

خانم که‌مه‌ڵا هه‌ریس ئه‌ویش ڕه‌خنه‌ى له‌ سیاسه‌ته‌کانى سه‌رۆک ترامپ گرت، له‌وانه‌ کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ کیم جۆنگ ئون ڕێبه‌رى کۆریاى باکور و پاشان وێنه‌گرتن له‌گه‌ڵیدا له‌ به‌رامبه‌ر هیچ ئه‌نجامێک.

ئه‌ندرۆ یه‌نگ پـرسیارى لێکرا، ئه‌گه‌ر ببێت به‌ سه‌رۆک له‌ یه‌که‌م په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ ڤلادیمیر پـوتن سه‌رۆکى ڕووسیا چى ده‌ڵێت؟. ئه‌ویش گوتى پـێى ده‌ڵێت "ئه‌و ڕۆژانه‌ کۆتایـیان هات که‌ ده‌ستێوه‌ردان بکرێت له‌ سیاسه‌تى ئه‌مه‌ریکادا."

دیبه‌یتى داهاتووى دیموکراته‌کان له‌ مانگى دوازده‌ له‌ شارى لۆس ئه‌نجلسى ویلایه‌تى کالیفۆرنیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

به‌پـێى ماڵپه‌ڕى RealClearPolitics بۆ ڕاوه‌رگرتنه‌ گشتیـیه‌کان، له‌ ئێستادا جۆو بایدنى ته‌مه‌ن 77 ساڵ به‌ ڕێژه‌ى 30% پشتیوانى لێده‌کرێت و به‌ دوایدا سیناتۆر ئلیزابێپ وارنى ته‌مه‌ن 70 ساڵ 18% و سیناتۆر بێرنى سانده‌رزى ته‌مه‌ن 78 ساڵ 17%.


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا