جگه‌ره‌کێشان له‌ناو ته‌کسى و پاسدا قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت

10.12.2019
جەماوەر نیوز
وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بڕیارده‌دات که‌ جگه‌ره‌کێشان له‌ناو ته‌کسى و پاسه‌کان قه‌ده‌غه‌ بکرێت و سزاى مادیش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆ دیارده‌کرێت.

وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى حکوومه‌تى هه‌رێم  رایگه‌یاندوه‌: "رێنماییه‌کانى رێکخراوى ته‌ندروستى جیهانى (WH0) که‌ تایبه‌ت به‌ جگه‌ره‌کێشان له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کانه‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ناوخۆ که‌ غه‌رامه‌ى گونجاو دابنێن بۆ مه‌به‌ستى جێبه‌جێکردنى ئه‌م رێنماییه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسى هاتووچۆ".

له‌ خاڵێکى نووسراوه‌که‌دا هاتووه‌: "قه‌ده‌غه‌کردنى جگه‌ره‌کێشان له‌ شوفێرى ته‌کسى و پاسه‌کان و هه‌روه‌ها هاووڵاتیان له‌م کاته‌ى به‌کارهێنانى هۆیه‌کانى گواستنه‌وه‌ى گشتى (ته‌کسى - پاس)".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داراوه‌: "به‌کارهێنانى رادیۆ و (مسجل) ته‌نها له‌سه‌ر داواى هاووڵاتیان ده‌بێت، و له‌کاتى به‌کارهێنانى هاووڵاتیان بۆ ته‌کسى ده‌بێت رادیۆ و (مسجل) کوژاوه‌بێت و ته‌نها له‌سه‌ر داواکارى سه‌رنشین کارى پێده‌کرێت، و له‌کاتى نه‌بوونى سه‌رنشین له‌ ته‌کسى شوفێرى ته‌کسى ئازاده‌ له‌ به‌کارهێنانى رادیۆ و (مسجل) به‌ ئارازووى خۆی".