کۆمیته‌ى پاراستنى ڕۆژنامه‌وانان ( CPJ ) ڕاپۆرتى ساڵانه‌ى له‌سه‌ر ڕه‌وشى ڕۆژنامه‌گه‌رى له‌ جیهان بڵاوده‌کاته‌وه‌

11.12.2019
جەماوەر نیوز
کۆمیته‌ى پاراستنى ڕۆژنامه‌وانان ناسراو به‌ CPJ ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ڕاپۆرتى ساڵانه‌ى خۆى بڵاو کرده‌وه‌ که‌ تیایدا ده‌ڵێت ژماره‌ى ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ى له‌ جیهاندا له‌ زینداندان نزیکه‌ى له‌ به‌رزترین ئاسته‌وه‌ و چین، تورکیا، عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ و میسر به‌ شوێنى زۆرترین زیندانى ڕۆژنامه‌وان له‌ جیهاندا داده‌نێت.

له‌ ئامارى زیندانیانى ساڵى 2019 ى CPJ دا ‌هاتووه‌ " بۆ چوار ساڵى له‌سه‌ر یه‌که‌، سه‌دان ڕۆژنامه‌وان له‌ سه‌رانسه‌رى جیهاندا له‌ زینداندان له‌ کاتێکدا تاکڕه‌وه‌کانى وه‌کو شى ژیپینگ، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، محه‌مه‌د بن سه‌لمان و عه‌بدول فه‌تاح ئه‌لسیسى هیچ ئاماژه‌یه‌کى که‌مکردنه‌وه‌ى سه‌رکوتکردنه‌کانى میدیا نیشان ناده‌ن."

هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ى ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ى له‌ سه‌رانسه‌رى جیهاندا له‌ زینداندان له‌ ساڵى 2019 له‌ 253 وه‌ به‌ ئاسته‌م که‌مبۆته‌وه‌ بۆ 245، به‌ڵام ڕێکخراوه‌ى چاودێرى ئازادى ڕۆژنامه‌گه‌رى بنکه‌ له‌ نیویۆرک ده‌شڵێت سزادانى ڕۆژنامه‌وانان به‌ بیانوى ڕاپۆرتى هه‌ڵه‌ یان " نادروست" به‌رده‌وام له‌ زیادبووندایه‌.

ژماره‌ى ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ى بۆ " هه‌واڵى نادروست" سزا دراون به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ 30 به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ 28 ى ساڵى ڕابوردوو." ڕاپۆرته‌که‌ ده‌ڵێت ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ میسر ئه‌نجام دراوه‌.

له‌ ساڵى ڕابوردوودا وڵاتانى زۆردار له‌ ناویاندا ڕوسیا و سینگاپور ئه‌و یاسایانه‌یان چه‌سپاند که‌ تیایدا بڵاوکردنه‌وه‌ى " هه‌واڵى ‌هه‌ڵه‌" به‌ تاوان هه‌ژمار ده‌کرێت.

له‌ ساڵى 2015 وه‌ بۆ یه‌که‌م جاره‌ که‌ تورکیا به‌ یه‌که‌م گه‌وره‌ترین وڵاتى زیندانى بۆ ڕۆژنامه‌وانان ناودێر نه‌کراوه‌ ئه‌مه‌ش به‌شێکى به‌هۆى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئانکه‌ره‌ " ڕێگه‌ى له‌ نزیکه‌ى هه‌مو جۆره‌ ڕاپۆرتى ڕۆژنامه‌گه‌رى سه‌ربه‌خۆ گرتووه‌و ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ى ئازاد کردووه‌ که‌ چاوه‌ڕوانى دادگایى کردن یان پێداچوونه‌وه‌ به‌سه‌ر دۆسێکه‌یاندا ده‌که‌ن."

چین که‌ دووهه‌م وڵات بوو پاش تورکیا و و به‌ یه‌کێک له‌ شوێنه‌ هه‌ره‌ سه‌رکوتکاره‌کانى ڕۆژنامه‌وانان داده‌نرێت 47 ڕۆژنامه‌وانى تیایدا له‌ زینداندایه‌ ئه‌مه‌ش هه‌مان ژماره‌ى ساڵى 2018 یه‌ که‌ زۆربه‌ى له‌ ئه‌نجامى ڕاپۆرت کردن و به‌ڵگه‌نامه‌ دروستکردن له‌سه‌ر هه‌راسانکردنى موسولمانه‌ ئۆگۆره‌کان ى هه‌رێمى شینژینگ زیندانى کراون.

ڕاپۆرته‌که‌ ئاماژه‌ به‌ دۆسێیه‌کى نوێى چین ده‌کات که‌ تیایدا سۆفیا هۆانگ شویقین که‌ وه‌کو ڕۆژنامه‌وانێکى لێکۆڵه‌ر سه‌ربه‌خۆ کارى ده‌کرد له‌ مانگى 10 ده‌ستبه‌جێ پاش نوسینێکى له‌ بلۆگه‌که‌ى خۆیدا سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانه‌ دیموکراسیخوازه‌کانى هۆنگ کۆنگ ده‌ستگیر کرا.

له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا هاتووه‌ که‌ له‌ عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ش ژماره‌ى ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ى که‌ له‌ زینداندان 26 ڕۆژنامه‌وانن هاوکاتى ئیدیعاکانى ئه‌شکه‌نجه‌دانیش.

لێکۆله‌رانى CPJ ده‌ڵێن زیاد بوونى ژماره‌ى ده‌ستگیرکراوه‌کان و تۆمارى هه‌راسانکردنه‌کان سه‌رکوتکردنى دڕندانه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى شازاده‌ى جێنشینى سعودى محمه‌د بن سه‌لمان نیشان ده‌دات که‌ کاربه‌ده‌ستانى ئه‌مه‌ریکا و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان تاوانبارى ده‌که‌ن به‌ کوشتنى نوسه‌رى واشنتن پۆست جه‌مال خاشوقچى له‌ نێو باڵیۆزخانه‌ى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ له‌ ساڵى 2018.

محه‌مه‌د بن سه‌لمان له‌ میانه‌ى به‌رنامه‌یه‌کى ته‌له‌فیزیۆنیدا له‌گه‌ڵ که‌نالى ته‌له‌فیزیۆنى CBS له‌ مانگى 9 به‌رپرسیارێتى کوشتنه‌که‌ى خاشوقچى گرته‌ ئه‌ستۆ به‌ڵام نکوڵى له‌وه‌ کرد که‌ فه‌رمانى کوشتنى دابێت.


ده‌قى ڕاپۆرته‌که‌ى CPJ ببینه‌ ...




ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا