کارگه‌یه‌کى دروستکردنى کابینه‌ و پلاستیک و شوشه‌ داده‌خرێت

15.12.2019
جەماوەر نیوز
به‌هۆى سه‌رپێچى کردن وجێبه‌جێکردنى مه‌رج ورێنماییه‌کانى کارکردن به‌گشتى و به‌تایبه‌ت ژینگه‌ییه‌کان، لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى کارگه‌ى سۆلاڤ داده‌خات وخاوه‌نه‌که‌ى روبه‌روى رێکارى یاسایى ده‌کاته‌وه‌.

له‌ئه‌نجامى سه‌ردان وپشکنینه‌کانیان بۆ کارگه‌ وهه‌موو ئه‌وشوێنانه‌ى ده‌بنه‌ هۆى پیس بوونى ژینگه‌ ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 2019.12.15 لیژنه‌ى ژینگه‌ى سه‌ربه‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کاى قائیمقامیه‌ت له‌ناوچه‌ى تانجه‌رۆى شاری سلێمانى کارگه‌ى سۆلاڤى بۆدروستکردنى کابینه‌ و پلاستیک و شوشه‌ داخستووه‌.

راپۆرتى لیژنه‌که‌ ئه‌وه‌ى خستۆته‌ ڕوو؛ کارگه‌ى سۆلاڤ پابه‌ندى مه‌رج ورێنماییه‌کانى ژینگه‌ ‌نه‌بووه، نه‌بوونى رێژه‌ى سه‌وزایی، هه‌بوونى بڕێکى زۆر خۆڵ وخاشاک له‌حه‌وشه‌ى کارگه‌که‌ له‌گه‌ڵ نه‌بوونى پێداویستى سه‌لامه‌تى بۆ ئه‌وکارمه‌ند و کرێکارانه‌ى له‌وێ کارده‌که‌ن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌، پێشتر چه‌ندجارێک کارگه‌ى سۆلاڤ له‌که‌موکورتییه‌کانى ئاگادارکراوه‌ته‌وه‌ تا چاره‌سه‌ریان بکات و پابه‌ندى مه‌رجه‌کانى ژینگه‌ببێت، به‌ڵام به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌رپێچى بۆیه‌ لیژنه‌ى باڵاى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى پێشنیاریان کردووه‌ کارگه‌که‌ دابخرێت و نه‌کرێته‌وه‌ تائه‌وکاته‌ى سه‌رجه‌م مه‌رجه‌کانى جێبه‌جێ ده‌کات‌.

به‌بڕیارى قائیمقامى سلێمانى کارگه‌ى سۆلاڤ داده‌خرێت و خاوه‌نه‌که‌شى روبه‌روى رێکارى یاسایى ده‌کرێته‌وه‌.