هه‌نارده‌ی چه‌ك بۆ لیبیا قه‌ده‌غه‌ كرا

20.01.2020
جەماوەر نیوز
لوتكه‌ی به‌رلین له‌باره‌ی قه‌یرانی لیبیا گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێكی گشتگیر بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌.
  له‌ كۆتاییدا بڕیاردرا به‌ردوامی به‌ ئاگربه‌ست بدرێت و هه‌نارده‌ی چه‌ك بۆ ئه‌و وڵاته‌ قه‌ده‌غه‌ بكرێت و میكانیزمێكی سه‌ربازیش بۆ چاودێریكردنی ئاگربه‌ست له‌و وڵاته‌ دابنرێت.
ئه‌نگێلا مێركڵ، راویژكاری ئه‌ڵمانیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌یاننامه‌ی كۆتایی لوتكه‌كه‌ی خسته‌ڕوو و ئاشكرایكرد، "مشتومڕی چڕ و جددیمان له‌باره‌ی پرسه‌كه‌ كرد و توانیمان بگه‌ینه‌ بڕیارێك بۆ چاره‌سه‌ری سیاسی له‌ لیبیا، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌سته‌به‌ری ئاشتی بۆ گه‌لی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ین. من له‌و باوه‌ڕه‌دام كۆنگره‌ی به‌رلین به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان توانی پشتیوانییه‌كی باشی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ لیبیا بكات".
مێركڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "به‌شداربووانی كۆنگره‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن، كه‌ ره‌شنووسی پلانێكی گشتگیر بۆ قه‌یرانی لیبیا ئاماده‌ بكه‌ن"، دووپاتیشیكرده‌وه‌، "ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ گرژی ئه‌و وڵاته‌ ته‌نیا له‌ رێگه‌ی سیاسییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".
مێركڵ گوتی: "ته‌واوی لایه‌نه‌كانی لووتكه‌ پابه‌ندی هه‌ڵوێستێكی بونیادنه‌ر بوون و له‌سه‌ر گرنگی رێزگرتن له‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌نارده‌كردنی چه‌ك بۆ لیبیا و چاودێریكردنی به‌ شێوه‌یه‌كی چڕ رێككه‌وتن، وه‌ك چۆن پێشتر له‌ئارادابوو".
گوتیشی: "به‌شداربووان جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی پابه‌ندبوون به‌ ئاگربه‌ست له‌ لیبیا كردووه‌ته‌وه‌" و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، "خاڵی هه‌ره‌ گرنگ له‌وه‌دایه‌، كه‌ فایز سه‌ڕاج، سه‌رۆكی حكوومه‌تی ویفاقی نیشتیمانی و خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر، فه‌رمانده‌ی سوپای نیشتیمانی لیبیا له‌ داهاتوودا پابه‌ندی زنجیره‌یه‌ك هه‌نگاو بن، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و غه‌سان سه‌لامه‌، نێردراوی تایبه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لیبیاوه‌ پێشنیازكراون، له‌وانه‌ش پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی سه‌ربازی بۆ چاودێریكردنی ئاگربه‌ست، كه‌ له‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ دوو لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان 5 نوێنه‌ر له‌خۆ ده‌گرێت".
no