عێراق یاداشتێکى له‌باره‌ى دووباره‌ بڵاوه‌پێکردنه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مریکاوه‌ پێده‌گات

09.04.2020
جەماوەر نیوز
سه‌رۆک وه‌زیرانى کاربه‌رێکه‌رى عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدى رایگه‌یاند: وڵاته‌که‌ى یاداشتێکى فه‌رمى له‌ ئه‌مریکاوه‌ پێگه‌یشتووه‌ که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ دووباره‌ بڵاوه‌پێکردنه‌وه‌ى هێزه‌کانیان له‌ عێراق.

به‌پێى راگه‌یه‌نراوێکى نووسینگه‌ى سه‌رۆک وه‌زیرانى کاربه‌رێکه‌رى عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ میانى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى عێراق رایگه‌یاندووه‌ "یاداشتێکى فه‌رمیمان له‌ ئیداره‌ى ئه‌مریکاوه‌ پێگه‌یشتووه‌ که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بڕیارى بنیاتنانى په‌یوه‌ندى ستراتیژى و دووباره‌ بڵاوه‌پێکردنه‌وه‌ى هێزکانى ئه‌مریکا له‌ عێراق، و ده‌ستکردن به‌ گفتوگۆ له‌نێوان شاندى فه‌رمى هه‌ردوو وڵات له‌وباره‌یه‌وه‌".

عادل عه‌بدولمه‌هدى رایگه‌یاند، یاداشته‌که‌ى ئه‌مریکا به‌ره‌پێشچوونێکى گرنگه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ردوو وڵات و سه‌قامگیرى ناوچه‌که‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ زانیارییه‌ک له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى یاداشته‌که‌ى ئاشکرا بکات.

وتیشی: "له‌م ماوانه‌ى دواییدا په‌یوه‌ندى له‌نێوان گه‌وره‌ به‌رپرسانى هه‌ردوو وڵاتدا هه‌بووه‌"، و ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که‌ کشانه‌وه‌ى فراوانى هێزه‌ بیانییه‌کان به‌ رێوڕه‌سمى فه‌رمى و له‌ژێر سێبه‌رى یاسا به‌ڕێوه‌چووه‌.

راشیگه‌یاند "بنه‌ماى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ردوو وڵات پێویسته‌ به‌شێوه‌ى ئاسایى بێت نه‌ک دوژمنکارانه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مریکا و عێراقدایه‌ وه‌ک هاوبه‌ش و دۆست بمێننه‌وه‌ له‌ پێناو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى ناوچه‌که‌ و جیهاندا".

عادل عه‌بدولمه‌هدى ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که‌ کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نیشتمانیى تایبه‌ت بووه‌ به‌ تاوتوێکردنى دۆسیه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان عێراق و ئه‌مریکا و داهاتووى هه‌ماهه‌نگى ئابوورى و ئاسایش له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا.







ئانادۆڵ