مارک ئیسپەر: هێشتا ئه‌مریكا نەگەیشتۆتە ئەو دۆخە دژوارەی سوپا بڵاوەپێبکەین

04.06.2020
جەماوەر نیوز

وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێچەوانەی سەرۆکی ئەو وڵاتە قسەیکرد لە شێوازی بڵاوەپێکردنی هێز لە دژی خۆپێشاندەران و رایگەیاند، "هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو دۆخە دژوارەی سوپا بڵاوەپێبکەین".

مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە كۆنمگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بەکارهێنانی سەرباز تەنیا بۆ ئەو دۆخانەیە کە ئێجگار دژوارن و هیچ چارەسەرێکی دیکە لەبەردەستدا نەماوە.
ئیسپەر دەڵێت، هێشتا ئەوان نەگەیشتوونەتە ئەو قۆناغەو پاڵپشتی لە پێشێلکردنی یاسای بەکارهێنانی هێز لە دژی خۆپێشاندەران ناکات.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بە کاتی ئەمریکا دادگا سزای نوێی بەسەر بکوژی جۆرج فلۆید سەپاند کە کوشتنی پلە دووە، کوشتنی پلە دوو لە یاسای تاوانکاریی ئەمریکا بریتییە لەوەی کە کەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت بەبێ ئەوەی پلانی بۆ دانرابێت بەوەش ئەفسەرەکە رووبەڕووی سزای قورستر دەبێتەوە کە تاوەکو 40 ساڵ زیندانیکردنە.
هاوکات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ ئەفسەرەکەی دیکە دەرچوو کە لەگەڵ دێرک شۆوڤین بوون لەکاتی کوشتنی فلۆید و بە تاوانی هاوکاریکردن لە کوشتنی پلە دوو دادگایی دەکرێن. 
خۆپێشاندەرانی ئەمریکا پێشوازییان لەو سزا نوێیانەی سەر ئەو ئەفسەرانەی پۆلیس کرد، بەڵام هێشتا لەسەر شەقامەکان بەردەوامن لە خۆپێشاندانی "ئاشتییانە" و داوای گۆڕانکاریی ریشەیی لە مامەڵەکردن لەگەڵ رەشپێستەکان لەو وڵاتە دەکەن.


زۆرترین خوێندراو