ئەمەریکا ژێردەریاییەکی مووشەک هەڵگر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

09.04.2023
جەماوەر نیوز
وتەبێژێکی سوپای ئەمەریکا ڕۆژی شەممە 8ی ئەم مانگە ناردنی 'ژێردەریایی یو ئێس ئێس فلۆریدا' ی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند و وتی کە ئەم ژێردەریاییە 154 مووشەکی ڕێنماییکراوی 'تاماهاک' هەڵدەگرێت.
تیمۆتی هاکێنز وتی ژێردەریاییەکە کە بە سووتەمەنی ناوکی کاردەکات، بە کەناڵی سوێزدا تێپەڕیوە.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس باس لەوە دەکات کە ئەمەریکا بە دەگمەن بە ئاشکرا شوێنی ژێردەریاییەکانی ڕادەگەیەنێت.
هاکێنز ئامادە نەبوو ئامانجی ناردنی ئەو ژێردەریاییە و مەبەستی ئەمەریکا ڕابگەیەنێت، بەڵام ڕایگەیاند کە ئەو ژێردەریاییە بۆ پشتیوانی لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری پێنجەمی ئەمەریکا و پاراستنی سەقامگیریی کەنداوی فارس و دەریای عومان نێردراوە.
جێگیرکردنی ئەم ژێردەریاییە دوای بڕیارەکەی ئەمەریکا دێت بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج دبلیو بوش.
جۆ بۆچینۆ، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) چەند ڕۆژ پیش ئێستا ڕایگەیاندبوو کە "درێژکردنەوەی ئەرکی کەشتی جۆرج دبلیو بوش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تواناکانی سێنتکام بۆ وەڵامدانەوەی ڕووداوە ئەگەرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
کەشتی فڕۆکەهەڵگری پێنجەمی ئەمەریکا لە بەحرەین جێگیرکراوە و ئەرکەکەی پاراستنی کەنداوی فارس، تەنگاوی هورمز، دەریای عومان، دەریای سوور، کەنداوی عەدەن و بەشێک لە زەریای هیندی لە ئەستۆیە.

زۆرترین خوێندراو