كازمی : رێگه‌ ناده‌ین له‌ خاكی عێراقه‌وه‌‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ڕوو له‌ ئێران بكات

21.07.2020
جەماوەر نیوز

ئه‌مڕۆ  سی شه‌ممه‌ 21ی ته‌موز له‌ تاران مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن رووحانی، سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران كۆبووه‌.
كازمی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌وێت، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروباری ناوخۆ بنیاتنرابێت.
ناوبراو وتیشی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای هاوسه‌نگی و خۆبه‌دوورگرتن له‌ سووڕگه‌ (میحوه‌ر)ی سیاسی بنیاتنراوه‌. هه‌ربۆیه‌ عێراق رێگه‌ نادات له‌ خاكی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك روو له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران بكات.
كازمی ئه‌وه‌شی بیرهێنایه‌وه‌، كه‌ ئێران پشتیوانی عێراق بووه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا و گوتی: هه‌رگیز ئه‌و پشتیوانی و هاوكارییه‌ی ئێران له‌ یاد ناكه‌ین.
له‌ به‌رامبه‌ریشدا، سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران، حه‌سه‌ن رووحانی وتی: ئێران له‌ توانایدا هه‌یه‌ له‌ رووی ته‌ندرووستی و داووده‌رمانه‌وه‌ پێداویستی عێراق دابین بكات.
وتیشی له‌گه‌ڵ كازمی باسمان له‌ پرسه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كرد و جه‌ختمان كرده‌وه‌، ئێران په‌یمان ده‌دات، به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌ شانبه‌شانی عێراق بوه‌ستێت و پشتیوانی به‌غدا بكات.