عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود: قۆناغ به‌ قۆناغ كار له‌سه‌ر كه‌یسى جینۆساید كراوه‌

30.07.2020
جەماوەر نیوز
عه‌بدوڵڵا حاجى مه‌حمود وه‌زیرى كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمى كوردستان ده‌ڵێت "قۆناغ به‌ قۆناغ كار له‌سه‌ر كه‌یسى جینۆساید كراوه‌ و توانراوه‌ كه‌یسه‌كان له‌ دادگاى تاوانه‌كان بڕیارى له‌سه‌ربدرێت".
عه‌بدوڵڵا حاجى مه‌حمود له‌كاتى به‌شداریكردنى له‌ ساڵیادى جینۆسایدى بارزانییه‌كان، بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن وتى "بابه‌تى شه‌هیدانى بارزان و ئه‌نفالكردن و جینۆسایدكردنى گه‌لى كورد و ئه‌و كه‌یسانه‌ى هه‌بوه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان له‌دواى ساڵى 1991 قۆناغ به‌ قۆناغ كاریان له‌سه‌ر كراوه‌، توانراوه‌ هه‌م له‌ دادگاى تاوانه‌كانی عیراق بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت و هه‌م له‌ په‌رله‌مانى عیراق له‌ئه‌ستۆ بگیرێت".
باسى له‌وه‌شكرد، ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى مادى و مه‌عنه‌وى كه‌سوكارى شه‌هیدان و گه‌لى كوردستان به‌ گشتى وه‌زاره‌ته‌كه‌ پلان و به‌رنامه‌ى هه‌یه‌ له‌ ئاینده‌دا كارى له‌سه‌ر بكات بۆئه‌وه‌ى رێگای خۆى بگرێته‌به‌ر و جارێكى تر رژێمه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى عیراق نه‌توانن هیچ تاوانێك دژى گه‌لى كوردستان ئه‌نجامبده‌ن، ئه‌ویش دوو لایه‌نه‌یه‌، یه‌كێكیان مادییه‌ و یه‌كێكیان مه‌عنه‌وییه‌.
وه‌زیرى كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ته‌ئكیدیشیكردوه‌ته‌وه‌، له‌ناوخۆدا ئه‌وه‌ى له‌ توانادا هه‌بێت تاڕاده‌یه‌كى باش بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كراوه‌، هه‌رچه‌ند بكرێت مافى خۆیانه‌ و منه‌ت نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ توانادا هه‌بوه‌ درێغى نه‌كراوه‌ و له‌داهاتوشدا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

زۆرترین خوێندراو