بەغدا بەردەوام دەبێت لە ناردنی 320 ملیار دینارەکەی هه‌رێمی كوردستان

11.11.2020
جەماوەر نیوز
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندن بە رێککەوتنە داراییەکەی نێوانیان تاوەکو پەسەندکردنی بودجەی 2021.
ئه‌حمه‌د مه‌لا ته‌لال، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 10-11-2020 له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی ناردنی 320 ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان، وتی "ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و كارایه‌ تاوەکو په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی ساڵی 2021 و هیچ گۆڕانكارییه‌ك نه‌كراوه‌".
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی رێککەوتن لەسەر ئەوەی؛ بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، کە نیوەی پێویستیی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی دابین دەکات.
هەر لەگەڵ رێککەوتنەکەی بەغدا و هەولێر لە ناوەڕاستی مانگی ئاب، ئاشکراش کرا ئەو رێککەوتنە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2020 یان تاوەکو ئەوکاتەی پەرلەمانی عێراق بودجەی 2021 پەسەند دەکات، رێککەوتنەکە کارایە، بەڵام لەگەڵ پەسەندکردنی بودجە، هەرێمی کوردستان بەشی خۆی لە بودجەکە وەردەگرێت.

زۆرترین خوێندراو