ئێمڤۆمبی به‌ تواناكانی سه‌ره‌نجی دوونیای به‌لای خۆیدا ڕاكێشاوه‌

22.01.2021
جەماوەر نیوز

ئێمڤۆمبی یەکێکە لە یاریزانە دیارەکانی هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکراتی و  بۆ یانەی تروای فەرەنسی یاریدەکات .

گۆتیێ ئێمڤۆمبی، یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی کۆنگۆی دیموکراتی، لە مۆندیالی تۆپی دەستی 2021ـی میسردا سەرنجی هەموو دونیای بەلای خۆیدا راکێشا، دوای ئەوەی بە کێشی 110 کیلۆگرامییەوە ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکەشکرد.
لە یاری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا، سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردەکەی تووشی دۆڕان بوو. 
لەو یارییەدا کە کۆنگۆی دیموکراتی 34 - 27 بە بەحرەین دۆڕا، ئێمڤۆمبی لە 5 هەوڵیدا 5 گۆڵی تۆمارکرد و هەمووانی بەو ئاستە سەرسام کرد کە بەو کێش زۆرییەی خۆی پێشکەشیکرد.

ئێمڤۆمبی، لە یەکەم دەرکەوتنییەوە لە جامی جیهانی تۆپی دەستەوە بووە جێگەی سەرنج و باسی هەموو جیهان، بەهۆی شێوە زەبەلاحەکەی و کێشی زیادەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەو یارییانەی کە یارییکردووە، باشترین ئاستی پێشکەشکردووە، کە لە پاڵەوانێتییەکەدا لە 15 هەوڵەوە 14 گۆڵی تۆمارکردووە.

ئەکاونتی فەرمی مۆندیال لە تویتەردا وێنەیەکی ئەو یاریزانەی بڵاوکردووەتەوە، کە خەڵاتی باشترینی وەرگرتبوو، نووسیبووی "ئێمڤۆمبی بە ئاست و نمایشێکی جیاوازەوە خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەی بەدەستهێنا".

زۆرترین خوێندراو