ئایا گۆشتی سوور تەرک بکەین کە نەخۆش کەوتین؟

01.03.2021
جەماوەر نیوز

د. زانیار ئاغال، پزیشكی پشپۆڕی هه‌ناوی

ئایا گۆشتی سوور تەرک بکەین کە نەخۆش کەوتین؟
نەخێر و سەد جار نەخێر!
ڕۆژی ٢٤ ی ٢، لە چاو پێکەوتنێکی هەر یەک لە پرۆفیسۆر خیمینێز کە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵە لەگەڵ پرۆفسۆر کۆپسکی کە پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکانە، بە تەواوی کۆتا قسەیان کرد لەسەر ئەوەی کە نابێت پزیشکان بە نەخۆش بڵێن گۆشتی سوور تەرک بکەن. دەقی چاو پێکوتنەکە بە ڤیدیۆ لە سایتی (مێدسکەیپ) بڵاو کرایەوە.
چی روویدا؟
ساڵی ٢٠١٩ گۆڤاری نەخۆشییە هەناوییەکانی ئەمریکا، کە بە یەکێک لە لووتکەکانی پزیشکی دادەنرێت، لێکۆڵینەوەیەکی چڕی بڵاو کردەوە کە بە تەواوی یەکلای کردەوە کە گۆشتی سوور پێوویست نابێت تەرک بکرێت بە نەخۆش. دەنگۆی ئەم هەواڵە خەڵکی سەرقاڵ کرد، چونکە زۆرێک وایان دەزانی دەبێت نەخۆش گۆشت تەرک بکات. بۆیە ئەم پرۆفیسۆرانە تاکیدیان کردەوە کە ئەوە حەقیقەتە و دەیان ساڵە هەروا بووە و نابێت دکتۆرەکان گۆشتی سوور لە خەڵک قەدەغە بکەن.
جاران چیان ئەوت؟
بە حوکمی ئەوەی گۆشتی سوور سەرچاوەیەکی چڕی چەوری و پرۆتینیشە، زۆرێک لە پزیشکان لە نەخۆشیان قەدەغە دەکرد. لەو نەخۆشیانەی کە وایان دەوت نابێت گۆشت بخۆن: جەڵتەی دڵ، پاش قەستەرەی دڵ، شەکرە، سستی گورچیلە، پەک کەوتنی گورچیلە بە فڕێدانی پرۆتین لە میزەوە، جەڵتەی دەماخ و زۆری تر. دەرکەوت ئەمە هەمووی هەڵە بوو.
حەقیقەت چۆنە؟
هیچ کتێبێی پزیشکی بەناوبانگ کە ئێمەی دکتۆر لەسەرمان خوێندووە و فێر بووین، هەرگیز باسی ئەوە ناکات بۆ هیچ نەخۆشییەک گۆشتی سوور تەرک بکرێت تەنانەت بۆ نەخۆشی شاهانەش (دا الملوک). نازانم ئەمە لە کوێوە پەیدا بووە کە نەخۆش بە تەواوی دەبێت گۆشت تەرک بکات؟ لە لێکۆڵینەوەکە و لە چاو پێ کەوتنەکەش بە روونی دەری خست کە زۆر خواردنی گۆشتی سوور مەترسییە نەک کەم خواردنی، بە تایبەتی گۆشتی ئامادەکراو وەکو هەمبەرگر و گەس و ئەوانە زۆر کەمتر بن بەڵام گۆشتی شلە و کوڵاو ئاساییە نەخۆش جار جار بیخوات.
هەندێک جار بیستوومە، کە نەخۆشی کورد دەبێت وای پێ بووترێت کە نابێت هەرگیز گۆشت بخۆن چوونکە ئەوان گەر پێیان بووترێت کەم بیخۆ ئەچن زۆر ئەخۆن. ئەمە هەڵەیە چوونکە بە فعلی بینیومە نەخۆش داماو بووە بە کەم خوێنی و لاوازی چوونکە گۆشتی تەرک کردووە بە تەواوی.


زۆرترین خوێندراو