به‌شیر حه‌داد هه‌واڵێك له‌باره‌ی موچه‌وه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

03.04.2021
جەماوەر نیوز
نووسینگەی بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا رەتیدەكاتەوە، كە بەشیر حەداد باسی لەوەكردبێت " عێراق لەم مانگەوە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەنێرێت، بەڵام لێبڕینی مووچە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەردەوام دەبێت". جەختدەكاتەوە كە ھیچ لێدوانێكی لەوشێوەیەی نەداوە.
لە روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک میدیا و سۆشیاڵ میدیا، لێدوانێکی دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان شێواندووە کە گوایە جەنابیان راگەیاندووە"عێراق لەم مانگەوە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەنێرێت، بەڵام لێبڕینی مووچە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەردەوام دەبێت."
ئاماژە بەوەشكراوە: "ئێمە لێرەوە بەھەموو شێوەیەک ئەو ھەواڵە چەواشەکارییانە رەتدەکەینەوە و رایدەگەیێنین کە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھیچ لێدوانێکی لەو شێوەیەی نەداوە و پێمان وایە ئەوانە کە لەو میدیا و سۆشیاڵ میدیایانە کار دەکەن، ھیچ شتێک لە کاری رۆژنامەنووسی نازانن و تەنیا فەرمانبەرێکن و کاریان شێواندنی لێدوانەکان و بێ نرخ کردنی ھەوڵی نوێنەرانی کوردە لە بەغدا و کەمکردنەوەی کارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە".

زۆرترین خوێندراو