مالیكی داوا ده‌كات پشتیوانی له‌ كازمی بكرێت

16.04.2021
جەماوەر نیوز
نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپه‌یمانی دەوڵەتی یاسا داوا لە هێزە سیاسییەكان دەكات پشتیوانی حكومەتەكەی كازمی بكەن و دواخستنی هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش لەو وادەیەی بۆی دیاریكراوە بەدور نازانێت ئەوەش "لە سایەی كێشه‌ ئەمنییەكاندا".
نوری مالیكی رایگەیاند، دەستی كراوەیە بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت لەگەڵیدا ئاشتی بكات و نایاوێت ناكۆكییەكانی لەگەڵ موقتەدا سەدر و هیچ كەسێكی دیكەدا بەردەوام بن. بەڵام ڕەتیكردەوە نێوەندگیرییەك هەبێت بۆ ئاشتەوایی نێوانیان لەگەڵ موقتەدا سەدردا.
مالیكی سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وتی، ترسمان هەیە لە سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكە لە لایەنی نێودەوڵەتییەوە، بەڵام پێشوازی دەكەین لەوەی لایەنی نێودەوڵەتی چاودێری هەڵبژاردنەكە بكەن.
هەروەها دژایەتی خۆی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی داهاتوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رڕگەیاند، بەڵام بەدوری نەزانی كە هەڵبژاردنەكە لەو وادەیەی كە دیاریكراوە دوابخرێت، ئەوەش "لە سایەی كێشه‌ ئەمنییەكاندا."