مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

12.05.2021
جەماوەر نیوز

مەڵبەندی هەڵەبجەی شەهیدی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لەیادی ٣٤ ساڵەی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی (هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان) ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ " حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەر بۆ بەگژداچوونەوەی ڕژێمی بەعس ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری هەبوو لەجۆشدان و پشتگیری لە جەماوەری ڕاپەڕیوی ناوچەکە و هەرزوو لەڕێگەی ڕێکخستنەکانی حزبەوە کۆمەڵێک پێشمەرگەی بوێر و چاونەترسی ناردە ناوشارەکان و تاهاوشان لەگەڵ جەماوەری ڕاپەڕیوودا ڕووبەڕووی هێزە داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعس ببنەوە.".

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ی حزبی سۆسیالیست: 

بەیاننامەی مەڵبەندی هەڵەبجەی شەهیدی حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، لەیادی ٣٤ساڵەی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی (هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان).
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان.
خەڵکی خۆڕاگروقارەمانی هەڵەبجەوشارەزووروهەورامان.
٣٤ ساڵ بەرلەئێستا و لەڕۆژی ۱۳ / ٥ / ۱۹۸۷، خەڵکی تێکۆشەر و خۆنەویستی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان، بەگژ دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ داچوونە.
لەیادی ٣٤ ساڵەی ئەو ڕاپەڕینە شکۆدارەدا سەری ڕێز لە ئاست گڵکۆی شەهیدان و قوربانیانی ئەو کارەساتە نەوی ئەکەین.
لەکاتێکدا ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ لەودەمەدا لە ترۆپیکی دەسەڵات و هێزی خۆیدا بوو، ئەم دەسەڵاتە زیاتر دووچاری ملهوڕی و لەخۆباییکردنی کردبوو، بۆیە هەمیشە لەهەوڵی کپکردن و نەهێشتنی دەنگی ئازادیخوازانەی گەلەکەماندابووە.
سەرەڕای ئەوەی جەنگێکی ماڵوێرانی دووچاری گەلانی عێراق کردبوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا . لەهەمان کاتدا خەریکی نەخشە و پلانێکی گڵاو ترسناک بوو دەرهەق بەخەڵکی تێکۆشەر و بەشمەینەتی ناوچەکە. کەئەویش ڕاگواستنی گوندەکانی ناوچەکەبوو بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێکان و تێکدانی دیمۆگرافیایی ناوچەکە و نەهێشتنی شوێن و پەناگەی پێشمەرگە، کەهەمیشە ڕژێمی بەعس لەئاست بوێری و خۆڕاگرییان زەندەقیان چووبوو.
خەڵکی خۆڕاگری هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان ئەم پلان و نەخشە ترسناکەیان پێ قبووڵ نەکراو لەئاست ئەم کارەترسنۆکانەی ڕژێمی بەعس بێ دەنگ نەبوون و ڕاپەڕینی جەماوەرییان بە پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە بەرپاکرد.
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەر بۆ بەگژداچوونەوەی ڕژێمی بەعس ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری هەبوو لەجۆشدان و پشتگیری لە جەماوەری ڕاپەڕیوی ناوچەکە و هەرزوو لەڕێگەی ڕێکخستنەکانی حزبەوە کۆمەڵێک پێشمەرگەی بوێر و چاونەترسی ناردە ناوشارەکان و تاهاوشان لەگەڵ جەماوەری ڕاپەڕیوودا ڕووبەڕووی هێزە داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعس ببنەوە.
لەبەرەبەیانی ڕۆژی ۱۳ / ٥ / ۱۹۸۷ لەبڵندگۆی مزگەوتەکانی هەڵەبجەوە خەڵکی شار ئاگادارکرانەوە تایبەت بە ڕاپەڕینی جەماوەری دژبە دەزگاکانی ڕژێمی بەعس.
لەئەنجامی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە پڕشکۆیەدا توانرا لەماوەیەکی کەمدا ناوشاری هەڵەبجە و سیروان و خورماڵ و سەیدسادق بکەوێتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و جەماوەری ڕاپەڕیوو، چەندین بنکەودەزگای سەر بەو ڕژێمە داپڵۆسێنەرە بسوتێنرێت.
بەڵام هێزەکانی ڕژێمی بەعس وەک پیشەی لە مێژینەیان بۆدامرکاندنەوە و کپکردنی هێزی جەماوەری ڕاپەڕیووی ناوچەکە بەهێزێکی زەبەلاح و بەپاڵپشتی فڕۆکەو تانک وتۆپەوە پەلاماری ناوچەکەی دایەوەو بەربووە گیانی هاوڵاتیانی ناوچەکەو دەستی کرد بەڕەشبگیری وقەتڵوعام کردنی خەڵکی بێ دیفاعی ناوچەکە، هەرلەسوتاندن و ڕووخاندنی ماڵی هاووڵاتیان تەقاندنەوەی گەڕەکی کانی ئاشقانی هەڵەبجەوە بگرە  ۷۲ هاڵاتی بێ گوناحی ناوچەکەی زیندەبەچاڵ و شەهید کرد.
۱۳ / ٥ / ۱۹۸۷ ڕۆژێکی پرشنگدارە لەمێژوی خەباتی گەلەکەمان بۆ بەگژداچوونەوەی ستەم و زۆرداری و دژی سیاسەتە گڵاوەکانی ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ. ئەمڕۆژە بووە نیشانەی بەرخودان و قارەمانیەتی خەڵکی ناوچەکە و سەروەرییەکی ترە بۆخەڵکی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان.
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ۱۳ / ٥ / ۱۹۸۷ و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمان.

مەڵبەندی هەڵەبجەی شەهیدی
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
‌ ١٢ / ٥ / ٢٠٢١


زۆرترین خوێندراو