هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ په‌رله‌مان باس له‌ لێبرینی موچه‌ ده‌كرێت

11.06.2021
جەماوەر نیوز

له‌ کۆبونەوەی پەرلەمان كه‌ بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت تیمی حکومەت بەشداری له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌كات و لەبارەی لێبڕینی موچە و داهاتی هەرێمی کوردستان و رێککەوتنی هەرێم و بەغدا گفتوگۆ دەکرێت.

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنه‌ى دارایى و كاروبارى ئابورى پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، ئەوان لەلیژنەی  دارایى و كاروبارى ئابورى دەمێکە داوای ئامادەبونی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریان کردوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەگەڵدا کۆببنەوە، هاوکات بڕیارە کۆبونەوەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت و تیمی حکومەت ئامادەی کۆبونەوەکە ببن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک وەزیری تایبەتمەند ئامادەی کۆبونەوەی پەرلەمان دەبن، لەوانە وەزیری دارایی، سامانەسروشتییەکان و پلاندانان بەڵام دیارنیە بەدیاریکراوی کەی کۆبونەوەی پەرلەمان دەکرێت و چاوەڕوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانن.

لەبارەی لێبڕینی موچە، زیاد جەبار باسی لەوەکرد، "یاداشت نوسراوە و ئێمە پێمان وایە کە داهات بەشی ئەوە دەکات کە موچە بەبێ لێبڕین دابەشبکرێت، چاوەڕوانی ئەوانین بێنە پەرلەمان و رونکردنەوەکان بدەنێ تاوەکو بزانین دۆخی دارایی و داهات چۆنە".


زۆرترین خوێندراو