عێراق داهاتی فرۆشی نه‌وتی بڵاوده‌كاته‌وه‌

26.07.2021
جەماوەر نیوز
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی - سۆمۆ، تێکڕای داهات و هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ ئاشکرادەکات و دەشڵێت، ئەگەر نرخی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان وەکو نرخی نەوتی کەرکووک دابنرێت، ئەوا دەتوانرێت بگوترێت لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەرێمی کوردستان بایی چوار ملیار و 800 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە.
عەلی نزار فائق، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت بۆ کاروباری نەوتی خاو و گاز راگەیاند، "کۆی داهاتی فرۆشی نەوتی خاوی عێراق لەڕێگەی دەروازەکانی باشوور لە نەوتی بەسرە، هەروەها دەروازەی باکوور لە نەوتی خاوی کەرکووک، کە لەڕێگەی سۆمۆوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا کراوە، 33 ملیار دۆلار بووە؛ تێکڕا مانگانە نزیکەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی داهاتەکەی بووە. تێکڕای فرۆشتنی نەوت هەڵبەزین و دابەزینی بەخۆوە بینیوە، بەڵام بەگشتی تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران نزیکەی 528 ملیۆن بەرمیل نەوت فرۆشراوە".
سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی کۆمپانیای سومۆ نەوتی بە شێوەیەکی راستەوخۆ فرۆشتووە، کە نزیکەی 77 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و ئەگەر کۆی داهاتەکەی بە نرخی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک هەژمار بکرێت، کە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ فرۆشراوە، ئەوا تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران دەگاتە نزیکەی چوار ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی".
لەبارەی ئەو وڵاتانەی کە نەوتی عێراقی بۆ هەناردە دەکرێت، عەلی نزار فائق روونیکردەوە، چین پلەی یەکەم و هیندستان دووەمە لەو رووەوە و زۆرترین نەوتی عێراقیان هەناردە دەکرێت.

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت بۆ کاروباری نەوتی خاو و گاز گوتیشی، لەڕووی بازاڕیشەوە زۆربەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئاسیایە، بۆیە بازاڕی ئاسیایی پلەی یەکەم، بازاڕی ئەوروپی پلەی دووەم و دواتریش بازاڕی ئەمریکی دێت بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ