نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی عێراقدا نین

07.09.2021
جەماوەر نیوز
نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان لەعیراق رایگەیاند: عیراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایەو لەكاتی خۆیدا دەكرێت و ئێمە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكەش نین، دەبێت دەنگدەران ئازادانە دەنگی خۆیان بدەن و فشاریان لێنەكرێت، دوای هەڵبژاردنیش قۆناغێكی نوێ لەعیراق دەستپێدەكات.
جێنین بلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان لەعیراق لەبارەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عیراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: عیراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایەو 5 هەفتەی تر بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردن هەنگاوێكە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی عیراقییەكان.
وتیشی: بەپێی ئەو ئامادەكارییانەی كراوە بۆ هەڵبژاردنەكە، ئەوەیە هەموان دەنگی خۆیان بدەن و لەم دۆخەی هەستیارەی ئێستادا بۆ عیراقییەكان و وەك نەتەوەیەكگرتوەكان بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی عیراقین بۆ هەڵبژاردنەكەو بەوردی چاودێری پرۆسەكە دەكەین.
نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان راشیگەیاند: پێویستە هەموولایەك چاودێری پرۆسەكە بكەن تا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری بەدیبێنێت و حكومەتێكی نوێ بێتەكایەوە، ئێمە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین و دەبێت هەر رێگرییەك هەیە لەبەردەم پرۆسەكە لاببرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان یارمەتی دەنگدەران بدەن و كەشێكی ئارام دروستبكەن، ئەگەر ئەنجامەكەی هەرچی بێت، بۆ ئەوەش دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.
هەر لەبارەی پرۆسەكەوە وتی: هەڵبژاردنەكە ئەلیكترۆنی دەبێت و جێی ساختەكاری تێدا نابێتەوەو تا رۆژی هەڵبژاردن هەموو ئامادەكارییەكان تەواو بكرێت و بەبێ كێشە پرۆسەكە بەڕێوەبچێت و ئەوانەی خاوەنی كارتی دەنگدانن ئازادانەو دوور لەفشار دەنگی خۆیان بدەن و رێگە بەساختەكاری نەدرێت.
بلاسخارت راشیگەیاند: هەڵبژاردنەكە ساختەكاری تێدا ناكرێت و هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەبێت، پێویستە بۆ سەرخستنی پرۆسەكەش حكومەتی عیراق هەموو پێداویستیەكانی دابین، ژمارەیەكی زۆر چاودێری نێودەوڵەتیش هاتونەتە عیراق تا بەوردی چاودێری پرۆسەكە بكەن.
لەبارەی دوای هەڵبژاردنیش رایگەیاند: دوای هەڵبژاردن قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكات و عیراق پێویستی بەچاكسازی هەیە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بڕوات، نەك هەڵبژاردن بكرێت و خەڵك هەست بەوە بكات هەڵبژاردنیش هیچ ئەنجامێكی نابێت بۆ گۆڕانكاری و بەرەو پێشبردنی عیراق.

زۆرترین خوێندراو