بانگهێشتی 51 وڵات ده‌كرێت بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنی عێراق

12.09.2021
جەماوەر نیوز
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی رابردووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە ساڵی 2018دا 175 هەزار کەس چاودێریی پرۆسەکەیان دەکرد، بەڵام لەم هەڵبژاردنە پێشبینی دەکەین ژمارەی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان و چاودێرانی پارت و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوە نێوخۆییەکان زیاتربن.
عیماد جەمیل موحسین، ئەندامی فەرمانگەی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، راگەیاند، "تاوەکو ئێستا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی داوە 130 چاودێری خۆی رەوانەی عێراق بکات بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هاوکات یەکێتی ئەوروپاش بەڵێنیداوە بە 100 چاودێری خۆی چاودێری پرۆسەکە بکات، بەڵام ئێمە پێشبینی دەکەین چاودێری زیاتر رەوانە بکەن، هەروەها بانگهێشتنامەمان بۆ 51 وڵات و کۆمکاری عەرەبی و 25 رێکخراو ناردووە بۆئەوەی چاودێر بنێرن بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن کە لە مانگی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت".
ناوبراو وتیشی، "لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2018دا 175 هەزار کەس چاودێریی پرۆسەکەیان دەکرد، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا پێشبینی دەکەین ژمارەی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان و چاودێرانی پارت و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوە نێوخۆییەکان زیاتر بن، چونکە بازنەکانی هەڵبژاردن بچووکتر کراون و بۆ زیاتر لە چوار هێندە زیادبوون".
عیماد جەمیل موحسین باسی لەوەش کرد، "لەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا 55 هەزار و 41 وێستگەی دەنگدان هەن، لە هەر وێستگەیەکیش کۆمیسیۆن رێگە بە پێنج چاودێر دەدات چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن؛ بۆیە دەرگا کراوەیە بۆ ژمارەیەکی زۆر چاودێر، ئەگەریش لە هەر وێستگەیەک دوو چاودێر هەبن ئەوا ژمارەیان لە ئاستی عێراق دەگاتە زیاتر لە 110 هەزار چاودێر، کە لە کۆتایی پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەر وێستگەیەک تێکڕای ئەنجامەکانیان رادەست دەکرێت".
لەم هەڵبژاردنەدا 3249 بەربژێر بەشدارن؛ بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکی دیکەشیان بەربژێری 21 هاوپەیمانی و 109 پارت و لایەنی سیاسین، ئەو بەربژێرانەش رکابەری بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن.

زۆرترین خوێندراو