حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بڵاوده‌كاته‌وه‌

12.10.2021
جەماوەر نیوز

مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڵاو كرده‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "سوپاسی سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەکەین کە بەپەرۆشەوە بەشداری دەنگدانیان کرد کە ئامانجمان لە پشتیوانی بەربژێرەکان سەرخستنی کەسانی تێکۆشەر و دڵسۆز بوو بۆ بەرپرسیارێتی نوێنەراتی خەڵکی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ خۆ ڕێکخستنەوە و خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان"،

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی حزبی سۆسیالیست:

ڕاگەیەنراوی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان،بەبۆنەی کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاوێکی تری دیموکراسی بوو بەسەرکەوتوویی گەیشتە ئەنجام.
سەرەڕای گۆڕان لە سیستەمی هەڵبژاردنەکان و کێشە تەکنییکییەکان کە ئەزموونێکی نوێبوون بۆ هەمووان بەڵام بە ئارامی و ئازادی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکانی بانگەشە و دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامەکانی کورد لە کەرکوک و موسڵ و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستکەوتی گەورەن و مایەی شانازین بۆ هەمووان.
لەگەڵ پیرۆزباییمان لە نوێنەرە لە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن، هیوادارین ئەم سەرکەوتنە هۆکاری بەهێزکردنی ڕیزەکانی گەل و هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت بۆ بەیەک دەنگ و لەیەک سەنگەر بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و ماف و داوا ڕەواکانی کورد لە پەرلەمان و حکومەتی ئاییندەی عێراقدا.
لێرەوە سوپاسی سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەکەین کە بەپەرۆشەوە بەشداری دەنگدانیان کرد کە ئامانجمان لە پشتیوانی بەربژێرەکان سەرخستنی کەسانی تێکۆشەر و دڵسۆز بوو بۆ بەرپرسیارێتی نوێنەراتی خەڵکی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ خۆ ڕێکخستنەوە و خۆسازدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.
لە هەر هەنگاو و هەڵوێستێکیش مەبەست و ئامانجمان سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ماف و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانە.
مەکتەبی سیاسی
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
٢٠٢١/١٠/١٢


زۆرترین خوێندراو