شەش هۆکار بۆ ئەوەی چا نەدەیت بە منداڵەکەت

22.11.2021
جەماوەر نیوز

دکتۆر پشدەر عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان


تکایە هەوڵ بدە بەلایەنی کەمەوە تا ٦ ساڵ چا نەدەیت بە منداڵەکەت ، وە ئەگەر دوای ئەو تەمەنەو پێش ئەو تەمەنەش چات پێدا تکایه با کاڵ بێت و شەکری زۆر کەم بێت یان هەر تێیدا نەبێت، بۆچی؟
۱- لەبەر ئەوەی چا بڕێکی زۆر کافاینی تێدایە ، کەواتە ئەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و درووست کردنی دوودڵی ، دڵەڕاوکێ و چالاک بوونی منداڵەکە بۆیە کێشە بۆ خەوی منداڵەکە درووست ئەکات.
۲- چۆن لە گەورە کاریگەری هەیە و سەر ئێشە درووست ئەکات ئەگەر ڕۆژێک نەتوانیت بیخۆیتەوە بەهەر هۆیەک ، ئەوە لە منداڵیش دوای فێربوونی ئەگەر ڕۆژێک نەیخواتەوە ئەوە تووشی سەرئێشەو توڕەبوون ئەبێت.
۳-ئەگەر لە جیاتی کوپێک چا کوپێک شیری پێبدەیت ،ئەوە ووزەیەکی زۆرترو تەندرووستر ئەبەخشێت بە منداڵەکە چونکه گەدەی منداڵ بچووکە ،بۆیە لەوانەیە بە چاکە بڕێکی زۆر گەدەی داگیر بکات و نەهێڵێت جێگەی خواردنی سوودبەخشی تر ببێتەوە.
٤- لەبەر ئەوەی منداڵ بڕێکی زۆر شەکر ئەکاتە چایەکەوە بۆیە زیانێکی زۆر بە ددانەکانی ئەگەیەنێت.
٥- لەبەر ئەوەی چا وەکو دەرمانی میزپێکەر ئیش ئەکات بۆیە ئەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆر کالسیۆم لە میزدا.
٦-زۆربەی کات کێشەی گەدە وەک دڵەکزێ بۆ منداڵ درووست ئەکات.
هەندێ سەرچاوە ئەڵێن کە چا ئەبێتە هۆی کەمتر هەڵمژینی ماددەی ئاسن لە ڕیخۆڵەکانداو دواتر ئەبێتە هۆی کەمخوێنی بەڵام هەندێ سەرچاوە ڕەتی ئەوە ئەکەنەوە کە هیچ پەیوەندیەکی بەوەوە هەبێت، لەوانەیە زیاتر بەهۆی کەم خواردنی خواردنی سوودبەخشەوە هەبێت لە ئەنجامی زۆر خواردنەوە چاوە.




زۆرترین خوێندراو