ژیاننامه‌ی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ عه‌تا محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود

26.11.2021
جەماوەر نیوز
شه‌هیدی سه‌رکرده‌ (عه‌تا محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود ) کوڕی گه‌وه‌ری محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموده‌ ، له‌ساڵی 1979 له‌ پاڕه‌زان  له‌ خێزانێکی نیشتمان په‌ره‌وه‌ر له‌ دایک بووه‌ ، به‌ هۆی نیشتمانپه‌روه‌ری بنه‌ماڵه‌که‌یان هه‌میشه‌ ڕووبه‌روی نه‌هامه‌تی و ڕاوه‌دونان بونه‌ته‌وه‌ وله‌لایه‌ن ده‌زگا داپڵۆسه‌ره‌کانی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ ئازاری خۆی خۆشک و براکانی دراوه‌. 
شه‌هید عه‌تا ئه‌و کات که‌ ته‌مه‌نى ته‌نها 15 ڕۆژ ده‌بێت  له‌گه‌ڵ دایکیدا  له‌ ئۆپراسیۆنێکى فراواندا به‌ پاڵپشتى فرۆکه‌ و تانک له‌لایه‌ن ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌کرێن و به‌ کۆرپه‌یى له‌ زیندان گه‌وره‌ ده‌بێت و هه‌ر له‌ زیندان ده‌که‌وێته‌ سه‌ر پێکانى و زمانده‌گرێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ته‌نها کوڕى محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود بووه‌ و باوکى یه‌کێک بووه‌ له‌سه‌رکرده‌وه‌ فه‌رمانده‌و  پێشمه‌رگه‌ چاو نه‌ترس و کۆڵنه‌ده‌ره‌کانی کوردستان .
دواتر ئاواره‌ی ئێران بوون له‌یه‌کێک له‌ئۆردوگانه‌کان نیشته‌جیبوون ، سه‌رکه‌وتوانه‌ قۆناغه‌کانی خوێندنی  سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌ییی له‌ ئێران ته‌واو ده‌کات  شاره‌زاییه‌کی باشی هه‌بووه‌ له‌ زمانه‌کانی فارسی و ئینگلیزی و سویدی  و عه‌ره‌بی و خوێندكاری قۆناغى سێى کۆلێژى کار بووه‌ له‌ زانکۆى جیهان . 
شه‌هیدی سه‌رکرده‌  (عه‌تا محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود ) که‌سێکی هێمن و له‌ سه‌رخۆ بوه‌و خۆشه‌ویستی که‌سوکار و هاوڕی و بنه‌ماڵه‌که‌یان بووه‌ و هه‌میشه‌ جێگای متمانه‌ی هاوڕێ  و هاوسه‌نگه‌رانی بووه‌ .
له‌ کۆنگره‌ی  (چواره‌م و پێنجه‌م  و شه‌شه‌م ) بووه‌ته‌  ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان چه‌ندین پله‌ی جۆراو جۆری  پێبه‌خشراوه‌و توانیویه‌تی سه‌رکه‌وتوانه‌ کاره‌کانی ئه‌نجامبدات دوا پله‌شه‌ی به‌رپرسی ده‌زگای چاودێری و به‌دوادا چوون بووه‌.
له‌ گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی مه‌ترسیه‌کانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ هێزێکی پیشمه‌رگه‌ی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان چۆته‌ سه‌نگه‌ره‌کانی به‌رگری له‌محیوه‌ری که‌رکوک و  له‌ تللوه‌رد جێگیر بووه‌ و به‌شداری سه‌رجه‌م ڕوو به‌ڕوبونه‌وه‌کانی کردووه‌.
شه‌هیدی سه‌رکرده‌ (عه‌تا محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود ) سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کوڕی سکرتیری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بووه‌  هه‌میشه‌ له‌ ناو هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا بووه‌، به‌ڵام خۆنه‌ویستانه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ گه‌ڵ خه‌مه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا بووه‌و هه‌میشه‌ له‌سه‌نگه‌ری به‌رگریدا بووه‌ به‌رده‌وام جه‌ختی له‌سه‌رئه‌وه‌ کردۆته‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو که‌سێک خاکه‌که‌ی خۆی خۆشبوێت و قوربانی بۆ بدات و به‌رده‌وام به‌ هه‌ڤاڵه‌کانی ده‌وت ئێمه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌ممان شه‌هید ببین له‌ پێناوی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا.
به‌رده‌وام ده‌یووت که‌ نابێت ئه‌م ئازار و مه‌ینه‌تیانه‌ى که‌ له‌ ڕابردوو ئێسادا هه‌ن جێبمێنێن بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو، جه‌ختى ده‌کرده‌وه‌ ده‌بێت کوردستانێکى ئارام و پڕ خۆشگوزه‌رانى بۆ نه‌وه‌کانى جێبهێڵین. 
شه‌هیدی سه‌رکره‌ (عه‌تا محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود ) له‌ گه‌ڵ په‌یمانه‌که‌ی خۆیدا ڕاستگۆ بووه‌ سه‌رئه‌نجام به‌خوێنی خۆی ئه‌و ڕاستیه‌ی سه‌لماند . ئه‌وه‌بوو ئێواره‌ى  ڕۆژی 26-11- 2014 له‌ شه‌ڕێکی قاره‌مانه‌نه‌دا له‌ ته‌للوه‌رد  گیانی خۆی کرده‌ قوربانی  کورد و کوردستان . 
شه‌هید عه‌تا  شانبه‌شانى باوکى و ژماره‌یه‌ک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان به‌شداریان کرد له‌ ئازادکردنی ته‌للوه‌رد له‌ ده‌ست تیرۆرستانی داعش.



 هه‌زران سڵاو له‌ گیانی پاکی شه‌هیدی سه‌رکرده‌  عه‌تا محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی  ڕێگای ڕزگاری کوردستان .