پۆلیسه‌ بكوژه‌كه‌ دانینا بە تاوانەکەیدا

16.12.2021
جەماوەر نیوز
ئەو پۆلیسە ئەمەریکییەى بە تۆمەتى کوشتنى جۆرج فڵۆید روبەڕوى دادگاکرایەوە، بە (22) ساڵ و شەش مانگ زیندانى سزادرابوو، لەبەردەم داگا دانینا بە تاوانەکەیدا و وتى " تاوانبارم".
دێرێك چۆڤین کارمەندی پێشوی پۆلیس، کە بە تۆمەتی کوشتنی جۆرج فڵۆید تاوانبار كرابو، تاوانەكانی پەیوەست بە کوشتنی فڵۆیدی قبوڵ کرد.
پۆلیسە سپی پێستە ئەمریکییەکە، بە پۆشاکی پرتەقاڵیی دادگاوە ھاتە بەردەم دادگای فیدراڵی، بەپێچەوانەی جاری پێشوو لە وەڵامی پرسیاری دادوەردا وتی "تاوانبارم".
تاوانە فیدراڵییەکان، تۆمەتی ئەوەی تێدایە، کاتێک فڵۆید بەبێ بەرگریی لەسەر زه‌وی درێژبووە و دەستی لە پشتەوە بەستراوە، چۆڤین بە ئەژنۆی فشاری خستووتە سەر ملی و مافەکانی لێ سەندوەتەوە و پێداویستی پزیشکی بۆ دابین نەکردووە.
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت کە دانپێدانانەکەی چۆڤین ماوەی زیندانییەکەی زیاد بکات، بەڵام دادوەر پۆڵ ماگنوسەن بەروارێکی بۆ سزاکە دیاریی نەکرد.
لە (25)ی ئایاری (2020)دا لە شاری میناپڵس سەر بە ویلایەتی مینه‌سۆتا لە ئەمەریکا، کارمەندی پۆلیس درێرێك چۆڤین، لە کاتی دەستگیرکردنی ھاوڵاتیەکی رەشپێستی تەمەن (46) ساڵان به‌ ناوی جۆرج فڵۆید بە گومانی ساختەکاری، بۆ ماوەی نۆ خولەک و (29) چرکە ئەژنۆی لەسەر ملی دانابو و فڵۆید کە بۆ ماوەی چەند خولەکێک دەپاڕایەوە و ده‌یوت "ھەناسە نادەم"، لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە کە گەیشتبوونە شوێنی رووداوەکە گواسترابوویەوە نەخۆشخانە و دوای ماوەیەک گیانلەدەستدانی راگەیەندرا.
گیانلەدەستدانى فڵۆید، گڕى لە شەقامى ئەمەریکى بەرداو و خۆپیشاندانى بەرفراوانى هاوڵاتیان دژى رەفتارەکە دەستى پێکرد و نزیکەى (10) رۆژ بەردەوام بوو کە بەهۆى دروستبونى توندوتیژى لەلایەن خۆپیشاندەران و پۆلیسەوە جگە لە برینداربونى چەندین خۆپیشاندەر و پۆلیس کەسێکیش بە دەستى پۆلیس کوژرا و دەیان مارکێت و دوکانیش روبەڕوى دزى لێکردن بونەوە.

زۆرترین خوێندراو