ئەمریکا نرخی وەرگرتنی ڤیزای کاتی زیاده‌كات

30.01.2022
جەماوەر نیوز
وابڕیارە لەمانگی نۆی ئەمساڵەوە، ئەو پارەیەی بۆ وەرگرتنی ڤیزانی کاتی (ناکۆچبەری) ئەمریکا دەدرێت، بە بڕی ٨٥ دۆلار زیادبکات.
نرخی پێشکەشکردنی فۆرمی وەرگرتنی ڤیزای ناکۆچبەری وەکو ڤیزای خوێندن و گەشتیاری ئێستا ١٦٠ دۆلارە، بەڵام ئیدارەی بایدن پێشنیازی کردووە ئەم نرخە بۆ ٢٤٥ دۆلار زیاد بکرێت.
هەندێک کەس نیگەرانن کە ئەمە دەبێتە هۆی کەمکرندەوەی ژمارەی گەشتیار و خوێندکاری بیانی بۆ ئەم وڵاتە کە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابورین.
دەیڤد بایەر، پسپۆڕی کاروباری کۆچبەران لە پەیمانگای کەیتۆ لە واشنتن، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "هەموو ئەم زیادبوونی نرخانە لە کاتێکدا روودەدەن کە گەشتیاری و هاتن بۆ ئەمریکا لە نزمترین ئاستیدایە، و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وایکردووە کە خەڵکی شەش مانگ بۆ ساڵێک چاوەڕێ بکەن تا ڤیزایان پێبدرێت تا بۆ گەشتکردن یاخود کار بێنە ئەمریکا."
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دەرەوە، ڤیزای گەشتیار، کارداری و خوێندن زۆرترین داوایان لەسەرە.
ڤیزای ناکۆچبەری رێگەدەدات خەڵکی بیانی بەشێوەیەکی کاتی لە ئەمریکا بۆ گەشت، خوێندن یاخود کار بمێننەوە.
لە چەند ساڵی رابردوودا، گەشتکردن بۆ ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بەگوێرە داتاکانی حکومەتی ئەمریکا، بۆ نموونە، رۆژی ٢٦ ی مانگی یەک، نزیکەی یەک ملیۆ ن کەس سەردانی ئەمریکایان کردووە، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٩ و پێش سەردەمی کۆڕۆنا ئەو ژمارەیە دوو هێندە بوو.

زۆرترین خوێندراو