ئه‌مریكا داوای جێهیشتن ده‌كات و ڕوسیا مانۆڕ ده‌كات

11.02.2022
جەماوەر نیوز

جۆ بایدن داوا لە هاووڵاتیانی ئەمریکا دەکات "دەستبەجێ" ئۆکراینا جێبهێڵن و دەڵێت "ئەگەری هەیە ئاراستەکان بەشێوەیەکی "شێتانە و خێرا" بگۆڕێن.

وەزیری دەرەوەی رووسیا نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر گوێنەگرتنی رۆژئاوا بۆ داواکارییەکانی مۆسکۆ دەردەبڕێت.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، جۆ بایدن، سه‌رۆكی ویلاته‌ یه‌كگتووه‌كانی ئه‌مریكا  داوای لە ئەمریکییەکان کرد "دەستبەجێ" لە ئۆکراینا بچنە دەرەوە.
بایدن وتیشی: "ئێمە مامەڵە لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین سوپاکانی جیهان دەکەین و بارودۆخەکەش جیاوازە و ئەگەری هەیە ئاراستەکان بەشێوەیەکی شێتانە و خێرا بگۆڕێن."
بایدن جەختیکردەوە کە لە ئەگەری هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، لەژێر هیچ بارودۆخێكدا هێز نانێرێتە ئەو وڵاتە بۆ رزگارکردنی هاوڵاتییانی ئەمریکا. هۆشداریشیدا و وتی: "ئەگەر ئەمریکییەکان و رووسەکان تەقە لە یەکدی بکەن، وەکو وابێت شەڕی جیهانی دەستپێبکات، چونکە ئێمە ئێستا لە جیهانێکدا دەژین جیاوازە لە رابردوو."
داواکارییەکەی بایدن لە کاتێکدایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن بۆ رێگەگرتن لە روودانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. رووسیا بەردەوامە لە ناردنی هێز بۆ سەر سنوورەکانی لەگەڵ ئۆکراینا، رۆژئاوا دەڵێت ئامانجی رووسیا "داگیرکردن"ی ئۆکراینایە، هەرچی رووسەکانن دەڵێن داوا دەکەن رۆژئاوا و ناتۆ کۆتایی بە مانۆرە سەربازییەکانیان لە نزیک سنوورەکانی بهێنن.

هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامن. هەر رۆژ بەرپرسانی باڵای وڵاتان سەردانی مۆسکۆ و کیێڤ دەکەن و جەخت لەڕێگەچارەی دیپلۆماسی دەکەنەوە. رووسیا سوورە لەسەر ئەوەی تا ئەوروپا و ناتۆ داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکات هێزەکانی لە سنووری ئۆکراینا ناکشێنێتەوە. 
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش دەڵێت، ئەگەر مۆسکۆ دەیەوێت بەو جۆرە گوشارە، ناتۆ بە مەرجەکانی ناچاربکات، ئەوا بە هەڵەداچووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە رووسیا و بێلاڕووس لەلایەک و ئۆکراینا و ناتۆش لەلایەکی دیکەوە بەردەوامن لە مانۆڕی سەربازیی و پێشاندانی توانای سەربازیی خۆیان. 
ئێستاش رووسیا داوا لە رۆژئاوا دەکات ئۆکراینا هەرگیز نەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ و چەکەکانیشیان لە هیچ وڵاتێکی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت جێگیرنەکەن. وەزیری دەرەوەی رووسیا نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر گوێنەگرتنی رۆژئاوا بۆ داواکارییەکانی مۆسکۆ دەردەبڕێت.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت: "تێڕوانینی ئایدیۆلۆجی، هۆشداریی، هەڕەشە و وانەی ئەخلاقی نامانگەیێننە هیچ شوێنێک. بەداخەوە، ژمارەیەکی زۆری هاوکارە رۆژئاواییەکانمان ئێستا سەرقاڵی ئەمجۆرە چالاکییانەن. من بەمە ناڵێم دیپلۆماسی".
تا ئەو کاتەی رۆژئاوا مەرجەکانی جێبەجێنەکات، رووسیا ئامادە نییە هێزەکانی لە نزیک سنووری ئۆکراینا بکشێنێتەوە کە بەرپرسانی رۆژئاوا دەڵێن، لەم رۆژانەدا بۆ 130 هەزار سەرباز زیادیکردوون. 
سەردان و کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوامن. بەڵام رووسیا و بێلاڕووس لەلایەک و ئۆکراینا و ناتۆش لە لایەکی دیکە سەرقاڵی ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی و پیشاندانی هێزن. هەردوولاش هاودەنگن لەسەر ئەوەی کە پێویستە دیپلۆماسیی بەردەوام بێت


زۆرترین خوێندراو