عێراق ڕێژەی ئاوی له‌ 50% کەمیکردووە

23.04.2022
جەماوەر نیوز
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوت سەرچاوەکانی ئاو لە وڵاتدا لە ساڵی ڕابردووەوە بە ڕێژەی 50% کەمیانکردوە بەهۆی وشکە ساڵی بەردەوام، کەمی ڕێژەی بارانبارین، و نزمبوونەوەی ئاستی ڕوبارەکانی نێو وڵات .
وڵاتی عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت وێڕای هەبوونی دوو ڕوباری گەورەی دیجلە و فورات کەچی بە یەكێک لەو 5 وڵاتەی جیهان دانراوە کە لەبەردەم گەورەترین مەترسی گەرمبوونی زەوی یاخود گۆڕانی کەشوهەوادان.
عەون دیاب، راوێژکارێکی باڵای وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، دەڵێت، “یەدەگی ئاوی عێراق ئەمساڵ زۆر کەمترە بە بەراورد بە ساڵی پار، بە ڕێژەی نزیکەی 50%، بەهۆی کەمی بارانبارین و ئەو بڕەی کە لە وڵاتانی دراوسێوە دێت.”
هەردوو ڕوباری دیجلە و فورات، کە بە نێو خاکی عێراق و تورکیا و سوریا تێدەپەڕن. عێراق زۆر جار نارەزایەتی دەربڕیووە کە دروستکردنی بەنداو لەو وڵاتانە بۆتە هۆی کەمبوونی بڕی ئاوی ئەو ڕوبارانە لە عێراق.
دیاب دەڵێت، “ئەمە ئاگادارکردنەوەیەکە بۆمان کە چۆن سەرچاوە ئاوییەکانمان لە هاوین و زستانی داهاتوودا بەکاربهێنین. دەبێت ئەم هۆکارانە ڕەچاو بکەین کاتێک پلان بۆ کەرتی کشتوکاڵ دادەنێین.”

زۆرترین خوێندراو