عێراق ڕه‌خنە لە گرێبەستە نه‌وتییه‌كانی حکومەتی هەرێم دەگرێت

12.05.2022
جەماوەر نیوز
وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت: بوار و دەرفەتی زۆر بە کۆمپانیا بیانییەکان دراوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر و ئاماژە بەوەش دەکات کە دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەسەر ئەو کێڵگانەوەش دەبێت کە لە داهاتوودا دەدۆزرێنەوە.
ئه‌مرۆ پێنجشەممە 12ی ئایاری 2022 فەرمانگەی گرێبەست و مۆڵەتە نەوتییەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق کە بەشێکە لە وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوكردەوە و تێیدا باس لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات و رەخنە لە گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، داهاتی کەمیان لێوە بەدەستدەهێندرێت.
لە راگەیێندراوەکەی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە کە حکومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەو کێڵگە نەوتییانەشدا دەبێت کە لە داهاتوودا دەۆزرێنەوە و دەڵێت: "تایبەتمەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی ئێستا پێچەوانەی تایبەتمەندی لە بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگانەی لە ئاییندەدا دەدۆزرێنەوە نییە و قسەکردن بە پێچەوانەی ئەوەوە ئەنجامی نالۆژیکی دروستدەکات؛ دیارترینی ئەو شتە نالۆژیکییانە ئەوەیە هەندێک لە هەرێمەکان رێگە بە بەشداریی دەوڵەت و هەرێمەکانی دیکە دەدەن لەو کێڵگانەی پێش بەرکاربوونی دەستوور دۆزراونەتەوە؛ لەلایەکی دیکەوە لە بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی ئەو کێڵگە نوێیانە لە خاکەکەی هەن بە تەنیا کاردەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی داهاتەکانیان و زیادبوونی خۆشگوزەرانیی دانیشتووانەکەیان بەراورد بە هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی ناڕێکخراو لە هەرێمێك لە وڵاتدا."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەروەها دەستپێشخەریی هەرێمی کوردستان بۆ واژۆکردنی گرێبەستە نەوتییەکان و رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان و وڵاتان بۆ هەناردەکردنی نەوت و گازی دەرهێنراو پێچەوانەی بڕگەکانی دەستووری ئاماژەبۆکراوە، چونکە داڕشتنی سیاسەتی گەشەپێدانی نەوت و گاز و بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی پەیوەست پێیانەوەیە و بازرگانیی دەرەکی لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیی عێراقدان."
راگەیێندراوەکەی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق بە ناونیشانی "شیکردنەوەیەکی گرێبەستیی تێچوون بۆ گرێبەستەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان"ـە و تێیدا هاتووە: "وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق دەیەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکات کە مەرجە داراییەکانی گرێبەستەکانی خزمەتگوزاری کە وەزارەتی نەوت ئامادەی کردوون بۆ پەرەدانی کێڵگە نەوتییەکان یان دۆزینەوەی کێڵگەی نوێ باشترینن بەراورد بە مەرجە داراییەکانی گرێبەستی هاوبەشیکردن لە قازانج چ لەگەڵ دەوڵەت بێت یان کۆمپانیا بیانییەکان؛ گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان پشک دەداتە بەڵێندەر، ئەوە جگە لە ئازادی مامەڵەکردن بە پشکەکانی لە بڕی بەرهەمهاتوو و فرۆشتنی لەو شوێن و کاتەی بەڵێندەر دیاریدەکات، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی 111ی دەستوورە کە روونیکردووەتەوە نەوت و گاز موڵکی گەلی عێراقە."
هەروەها ئەوەش هاتووە، "سەرباری ئەوە، هەرێمی کوردستان کۆمپانیا نەوتییەکانی ئازادکردووە لە کۆنتڕۆڵی تەواوی کردە پترۆڵییەکان لەڕێگەی بڕگەکانی گرێبەستی بەشداریکردن لە بەرهەم، یەکێک لەو بڕگانە ئەوەی لە خۆگرتووە کە 'حکومەت و هەر لایەنێکی بەڵێندەر ماف و پابەندیی هەیە بە فرۆشتن و مامەڵەکردنی لە پشکەکانی نەوتی تایبەت بە هەردووکیان'. واتە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی داوەتە بەڵێندەر پشکەکەی لە نەوتی بەرهەمهێنراو بفرۆشێت و پشکی حکومەتی لێبدات، لەکاتێکدا دەبێت پێچەوانە راست بێت، ئەمەش واتە پرەنسیپی کۆنتڕۆڵکردنی بەرهەم دەکەوێتە دەستی کۆمپانیا بیانییەکان و ئەوەش پێچەوانەیە لەگەڵ گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵیی عێراق، گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق دەڵێن هەموو ئەو نەوتەی بەرهەمدەهێنرێت لەڕێگەی گرێبەستەکانی مۆڵەتپێدانەوە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت(سۆمۆ) و بە نرخی رکابەر کە زۆرترین داهات بۆ گەلی عێراق بەدەستدەهێنێت، دەکرێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە: "هەروەها وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق دەیەوێت ئەوە روونبکاتەوە کە مەرجە داراییەکانی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمی هەرێمی کوردستانی عێراق بەراورد بە مەرجە داراییەکانی گرێبەستەکانی خزمەت بەرژەوەندیی و قازانجی زۆری بەدیهێناوە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان لەسەر حسابی حکومەت، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پرەنسیپی رکابەرایەتیی شەفاف و پەنابردن بۆ رێککەوتنی دوو قۆڵیی راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکان لەکاتی ئەو گرێبەستانە، ئەوەش پێچەوانەی ئەوەیە کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراقەوە پشتی پێبەستراوە، ئەوەش بووەتە هۆی لەدەستدانی دەرفەت بۆ دەستخستنی باشترین مەرجە بازرگانییەکان بۆ زیادبوونی داهاتە داراییەکان لە فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، داهاتە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکڕا لە رێژەی 80٪ زیاتر نییە، دوای لێبڕینی تێچوونەکانی بەرهەمهێنان (تێچوونی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت)، لەکاتێکدا داهاتە داراییەکانی گەڕەکانی یەکەم و دووەمی مۆڵەتەکان (هی حکومەتی عێراق) زیاترە لە 94.5٪ و 96.5٪."
لە راگەیێندراوەکەیدا کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق دەشڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی گرێبەستەکانی بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانەوە پابەندبوونێکی گرێبەستیی خستووەتە سەر خۆی بە لێخۆشبوون لە بەڵێندەرەکان لە باج و رێگەی پێداون بە زیادبوونی قازانجەکانیان بە بێ سەپاندنی هیچ جۆرێک لە جۆرەکانی باج یان بەشداریکردنی لەو قازانجە زیادبووە، بەتایبەت لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت و ئەوەش پێچەوانەی یاسای باجی هەموارکراوی ساڵی 1982 و رێنماییەکانییەتی."
وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەروەها ئەوەی خستووەتەڕوو، "وەزارەتی نەوت دەیەوێت ئەوە روونبکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندی پشکە بۆ تەرخانکراوەکان بۆ عێراق نەبووە بەپێی رێککەوتنەکانی ئۆپێک، ئەوەش بە نێگەتیڤی کاریگەریی لەسەر ئەو بڕە نەوتە هەبووە کە بۆ عێراق لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور تەرخانکراوە و بەو پێیەش بە خراپ کاریگەریی کردووەتە سەر داهاتە داراییەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، سەرباری قورسایی لە دابینکردنی مووچەکانی رۆڵەکانی گەلەکەی لە هەرێمی کوردستان."