سه‌رۆكی ئۆكراینا: جیهان لە لێواری قەیرانێکی ترسناکی خۆراکدایە

10.06.2022
جەماوەر نیوز
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، ترسی لەوە هەیە کە داخستنی بەندەرەکانی ئۆکراینا لەسەر دەریای رەش ببنە هۆی ئەوەی ملیۆنان کەس لەبرسا بمرن.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، دوای ئەوەی رووسیا دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە کەناراوەکانی ئۆکراینادا گرت، هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئۆکراینای لە رێگەی دەریاییەوە راگرتووە کە کۆنترۆڵی کردوون و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دانەوێڵە.
بە گوتەی سەرۆکی ئۆکراینا، جیهان "لە لێواری قەیرانێکی ترسناکی خۆراکدایە." ئاماژە بەوەش دەکات کە لەوانەیە لە دەیان وڵاتی جیهان کورتهێنان لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا رووبدات.
زیلینسکی ئەوەیشی خستووەتەڕوو، وڵاتەکەی کێشەی هەناردەکردنی گەنم، گەنمەشامی، سەوزە و نەوتی بۆ دروستبووە، کە پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بۆسەر وڵاتەکەی رۆڵی هەبووە لە "سەقامگیریی بازاڕی جیهاندا."
جگە لە تۆمەتبارکردنی رووسیا بە داخستنی رێگە ئاوییەکان بۆ هەناردەی بەرهەمەکانی ئۆکراینا، زیلینسکی رایگەیاندووە، "لەکاتێکدا ئێمە بەدوای رێگەکانی پاراستنی ئازادیدا دەگەڕێین، کەسێکی دیکە هەوڵی لەنێوبردنی [ئازادی] دەدات. کەسێکی دیکە بەردەوامە لە ترساندنی جیهان بە برسێتی."
رووسیا و ئۆکراینا پێکەوە نزیکەی 30%ی هەناردەی گەنمی جیهان دەکەن.

دوایین زانیارییەکان لەبارەی قوربانییانی جەنگی ئۆکرایناوە:
رۆژی 24ی شوباتی ئەمساڵ بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمیر پووتین سوپای رووسیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە.
تاوەکو ئێستا و بەپێی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی حەوت ملیۆن کەس ئۆکراینایان جێهێشتووە و دوو ملیۆن و 100 هەزار هاووڵاتیی ئەو وڵاتەش گەڕاونەتەوە.
زیاتر لە 945 هەزار کەس لەوانەی ئۆکراینایان جێهێشتووە روویان لە رووسیا کردووە. زۆرترین رێژەی ئاوارە ئۆکراینییەکانیش روویان لە پۆڵەندا کردووە کە ژمارەیان تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە سێ ملیۆن و 690 هەزار کەس (زیاتر لە ملیۆنێک و 512 هەزار کەس لەو ژمارەیە گەڕاونەتەوە)، هەروەها رۆمانیا پێشوازیی لە زیاتر لە 587 هەزار هاووڵاتیی ئۆکراینا کردووە (زیاتر لە 287 هەزاریان گەڕاونەتەوە)، هەنگاریا پێشوازیی لە نزیکەی 655 هەزار ئۆکراینی کردووە، مۆڵدۆڤا پێشوازیی لە زیاتر لە 483 هەزار ئۆکراینی کردووە (زیاتر لە 110 هەزاریان گەڕاونەتەوە)، سلۆڤاکیا پێشوازیی لە زیاتر لە 466 هەزار ئۆکراینی کردووە (زیاتر لە 196 هەزار کەسیان گەڕاونەتەوە)، هەروەها بێلاڕووسیش پێشوازیی لە 16 هەزار و 648 هاووڵاتیی ئۆکراینی کردووە.
کۆماری چیکیش پێشوازیی لە زیاتر لە 361 هەزار ئۆکراینی کردووە، ئەڵمانیاش زیاتر لە 780 هەزار ئۆکراینیی وەرگرتووە، کە ئەو ژمارە ئۆکراینییەی ئەڵمانیا وەریگرتوون 40%یان منداڵن.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو 1ی حوزەیران دوو ملیۆن و 102 هەزار و 247 ئۆکراینی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان، هێزی سەر سنووری ئۆکرایناش دەڵێت، رۆژانە نزیکەی 30 هەزار ئۆکراینی دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: لە نێوخۆی ئۆکرایناش بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس ناچار بە جێهێشتنی ماڵەکانیان بوون.
بەپێی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەستپێکی جەنگەوە لە ئۆکراینا، چوار هەزار و 253 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون، بەشێوەیەک کە هەزار و 617یان پیاو، هەزار و 64یان ژن، 100یان کچ، 105یان کوڕ و 67یان منداڵ بوون، هەزار و 300 لە کوژراوەکانیش بەهۆی تێکچوونی تەرمەکانیان تاوەکو ئێستا رەگەزیان دیارنییە. هەروەها پێنج هەزار و 141 هاووڵاتییش بریندار بوون کە زۆربەیان پیاو بوون.
لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارانی سوپاکانی رووسیا و ئۆکرایناشەوە، ئامارێکی روون لەبەردەستدا نییە و هەریەکە لە سوپاکانی ئەو وڵاتانە ئاماری جۆراوجۆر بڵاودەکەنەوە.

زۆرترین خوێندراو