حه‌لبوسی:هه‌وڵماندا سه‌در پاشگه‌زبێته‌وه‌

12.06.2022
جەماوەر نیوز
دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ ڕه‌وتی‌ سه‌در، محەمەد حەلبوسی، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند، "دڵسۆزانەو راستگۆیانە هەوڵماندا، تا بەڕێزیان [موقته‌دا سه‌در] لەم هەنگاوە پاشەکشەبکەن، بەڵام ئەو پێی باش بوو قوربانی بێت نەک پەکخەر".
سەبارەت بەبڕیارەکەی موقته‌دا سەدر ڕێبه‌ری‌ ڕه‌وتی‌ سه‌در به‌ده‌ستله‌كاكێشانه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، محەمەد حەلبوسی  ڕایگه‌یاند، "لەسەر خواستی سەماحەتی موقتەدا سەدر، بەوپەڕی دودڵییەوە داوای خوشک‌و براکانمان لەکوتلەی سەدری بۆ دەستلەکارکێشانەوە پەسەندکرد".
وتیشی‌، "ئێمە دڵسۆزانەو راستگۆیانە هەوڵماندا، تا بەڕێزیان لەم هەنگاوە پاشەکشەبکەن، بەڵام ئەو پێی باش بو قوربانی بێت نەک پەکخەر، لەپێناوی نیشتیمان‌و گەلدا سوربو لەسەر بڕیارەکەی."
له‌سه‌ر داوای‌ موقته‌دا سه‌در، ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌12ی حوزه‌یرانی 2022 حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لەئەنجومەنی نوێنه‌رانی‌ عێراق نامه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنه‌كه‌ی‌ پێشكه‌شی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد، دواتر محەمەد حەلبوسی واژۆی‌ له‌سه‌ر نامه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ كرد.
له‌كۆی 329 كورسی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، موقته‌دا سه‌در خاوه‌نی 73 كورسییه‌، كشانه‌وه‌ی سه‌در له‌ ئه‌نجوه‌نی نوێنه‌ران ده‌رگا له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی نوێ له‌عێراق ده‌كاته‌وه‌. 

زۆرترین خوێندراو