ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی بڕیار له‌ باره‌ی په‌رله‌مان عێراق ده‌دات

17.08.2022
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە داواکاری ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە، لایەنە عێراقییەکانیش بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەنجامی کۆبوونەوەکەن.
سەرچاوەیەک لە دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند رێکاری ئەمنی توند بۆ پاراستنی کۆبوونەوەکە گیراوەتەبەر بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر رووداوێکی نەخوازراو، ھەروەھا ھێزی ئەمنی تایبەت دانراوە بۆ پاراستنی دادوەرەکان لەکاتی چوونە دەرەوەیان لە دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەکە.  
داواکاری بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەر لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانی سەدرییەکان لەلایەن ھەریەک لە پەرلەمانتاران "سەڵاح عەرباوی" و "باسم شێخ" و "جەمال ئەسەدی" و "قاسم عەبادی" و "عەلی تائی" لە کۆتایی مانگی ئایاری رابردوو بەرزکرایەوە،  بە پاساوی ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران شکستیھێناوە لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و وادەی دەستوریش بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق تێپەڕیوە. 
چاودێران پێیانوایە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بە رەتکردنەوە یاخود ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران کاریگەری لەسەر داھاتووی پڕۆسەی سیاسی عێراق دەبێت. 

زۆرترین خوێندراو