ڕوسیا ده‌ستبه‌رداری شارێكی ئۆكرانیا ده‌بێت

02.10.2022
جەماوەر نیوز
ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی وڵاتەکەی دەستبەرداری شارۆچکەی لیمانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بوون، کە شوێنێکی گرنگی ستراتیژیی بوو کە هێزەکانی ڕووسیا لە ماوەی داگیرکارییەکەیاندا لە ئۆکرانیا داگیرییان کردبوو.
ئەم ڕاگەیاندنەی ڕووسیا ڕۆژێک دوای ئەوە هات سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لکاندنی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک و خێرسۆن و زاپۆریژای ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند، لیمانیش دەکەوێتە هەرێمی دۆنێستکەوە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی " بەهۆی هەڕەشەی گەمارۆوە، هێزەکانی هاوپەیمانان لە نیشتەجێی کراسنی لیمان کشاونەتەوە بۆ هێڵە بەسوودەکانی دیکە." کراسنی لیمان ناوە ڕووسییەکەی لیمانی ئۆکرانیایە.
دواتر سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی سەرەڕای ئەوەی ئاڵای ئۆکرانیا لە لیمان بەرزکراوەتەوە " هێشتا شەڕەکە لەوێ بەردەوامە."
هەروەها وتیشی هێزەکانی ئۆکرانیا گوندی تۆرسکییان لەسەر شەقامی سەرەکی نێوان لیمان و ڕۆژهەڵات کۆنتڕۆڵ کردۆتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وتی " نزیکەی سەرجەم " سەربازەکانی ڕووسیا لە لیمان کوژراون یاخود دەستگیرکراون.
زێلێنسکی وتیشی لە ڕۆژانی داهاتوودا هێزەکانی ئۆکرانیا شارۆچکەی دیکەش ئازاد دەکەن.

زۆرترین خوێندراو