بایدن هه‌وڵده‌دات بۆچوونی هاوڵاتیان بگوڕێت

05.11.2022
جەماوەر نیوز

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان، بۆ سەرکەوتنی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس کە 8ی تشرینی دووه‌می 2022 بەڕێوەده‌چێت، پەنا بۆ کارتی ئابوری دەبات و لەپاڵ باسکردن لە دەستکەوتەکانی حکومەتەکەی، بەڵێنی دابەزاندنی هەڵاوسانی ئابوری و بوژانەوەی زیاتری ئابوری ئەمریکاش دەدات.

بۆ هەڵبژاردنی 8ی ئەم مانگە تەواوی ئەنجومەنی نوێنەران و یەک لەسەر سێی ئەنجومەنی پیران لەرێگەی دەنگدانی هاوڵاتیانەوە دەگۆڕدرێن، بەگوێرەی راپرسییەکانیش لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی زۆرینە بەدەستدەهێنن، هەروەها کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانیش کۆنتڕۆڵ دەکەن.

جۆ بایدن وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی بۆچونی هاوڵاتیان و هەوڵدان بۆ سەرکەوتنی پارتەکەی لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی لە کالیفۆرنیا وتی، "لەماوەی دوو ساڵی رابردودا پێشکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێناوە بۆ بەهێزکردنی ئابووری وڵاتەکەمان، بۆیە چاومان لەوەیە ئەو پێشکەوتنە بەردەوامی پێبدرێت، لە پاڵ ئەوەشدا بەڵێنی دەدەین هەڵاوسانی ئابوری کەمبکەینەوە".

ئەوەشی خستەڕو، ئەمریکا پارێزگاری لە بەهێزی ئابووری خۆی دەکات، ئیدارەی ئەمریکاش تەنها لە ماوەی مانگی رابردودا 261 هەزار هەلی کاری رەخساندوە.

لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسدا 230 ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی مافی دەنگدانیان هەیە کە تیایدا یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران (35 کورسی لەکۆی 100 کورسی)، تەواوی ئەنجومەنی نوێنەران و 39 حاکمی ویلایەتەکان هەڵدەبژێردرێن.

 


زۆرترین خوێندراو