سوودانی موچه‌ی پاسه‌وانه‌كانی سه‌رۆككۆماره‌كان ده‌بڕێت

19.11.2022
جەماوەر نیوز
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرده‌كات.
بە گوێرەی بڕیارەکانی سوودانی مووچەی پاسەوانانی سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیرانی رابردوو لە دوای ساڵی 2003 دەبڕدرێت.
بەپێی بڕیارەکەی سوودانی، سەرجەم شایستە داراییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەبڕێت، کە بریتین لە لەتیف رەشید سەرۆککۆمار، محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و خودی خۆی وەک سەرۆک وەزیران.
هەروەها مووچەی پاسەوانانی هەریەکە لە سەرۆک کۆمارەکانی خولەکانی رابردوو وەک فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح و سەرۆک وەزیرانی پێشووتر ئەیاد عەللاوی، ئیبراهیم جەعفەری، نووری مالیکی، حەیدەر عەبادی، عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی دەبڕدرێن.
بەشێکی دیکە لە بڕیارەکانی سوودانی بریتین لە کەمکردنەوەی مووچەی ملیۆنێک و نیو لە تیمی حکومەتەکەی، هەروەها کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت، هەڵوەشانەوەی شایستە تایبەتەکانی وەک میوانداری و چارەسەری و بەکرێگرتنی فڕۆکەی تایبەت بە سێ سەرۆکایەتییەکە.
سوودانی ئامانجی ئەوەیە، لە رێگەی بڕیارەکانەوە، خەرجییە زیادەڕەوییەکانی حکومەت کەمبکاتەوە، وەک چۆن قەدەغەیە ئۆتۆمبێلی نوێ بدرێت بە ئەندامانی پەرلەمان، ئەمەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پلەی تایبەتیان هەیە، لەوانە سەرۆکی دەزگاکان و یاریدەدەری وەزیری وەزارەتەکان و باڵیۆزەکان.

زۆرترین خوێندراو