بارسێلۆنا كلاسیكۆ و جامه‌كه‌ی له‌ ڕیال مه‌درید برده‌وه‌

16.01.2023
جەماوەر نیوز

لە یاریی جامی سوپەری ئیسپانیادا کە لە یاریگەی شا فەهد، لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو، یانەی بارسێلۆنا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی ریال مەدریدی بردەوە و بۆ جاری 14، لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی جامی سوپەر و چاڤی هێرناندێزیش یەکەم نازناوی وەک راهێنەر لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بردەوە.

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر بردنەوەیان لە یانەی ریال مەدرید و بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی وەک راهێنەری بارسا پێشاندا و گوتی " هیچ وشەیەک نییە بۆ ستایشکردنی هەستەکانم."
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە گوتی " نازناوەکە زۆر گرنگە، ئەمە ئەنجامی کارکردنی ئێمە و تێپەڕبوونە بەو بارودۆخە سەختانەی هاتوونەتە پێشەوە، ئێستا ئێمە لەسەر رێگەی راستین و زۆر دڵخۆشم."
راهێنەری بارسێلۆنا زیاتر گوتی " پێشتر من 18 ساڵ لەم یانەیە یارییمکردووە، هەستی ئێستا بەهیچ شێوەیەک گوزارشت ناکرێت، چونکە یەکەم نازناوم وەک راهێنەری یانەکە بردەوە، ئەمە شتێکە ناتوانم گوزارشتی بکەم."
چاڤی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت " بردنەوەی نازناو بەرامبەر یانەیەکی گەورەی وەک ریال مەدرید، شتێکی جیاوازە و پاڵنەرێکی بەهێزت پێدەدات، ئێستا ئێمە لە 3 پاڵەوانێتی دیکەدا رکابەری دەکەین و دەمانەوێت نازناوەکانیان ببەینەوە، لە 3 وەرزی رابردوودا یانەکە هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە، بۆیە دەمانەوێت هەنگاوبنێین بۆ بردنەوەی نازناوەکانی داهاتوو."


زۆرترین خوێندراو