ئەنجومەنی ڕاوێژکاری و چاودێری: ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

16.03.2023
جەماوەر نیوز
١٦ی ٣ی ھەموو ساڵێک زامێکی قوڵی ساڕێژنەکراو، ئازارێکی ھەمیشەیی لە دڵی گشت تاکێکی کورددا دەکولێتەوە.
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
بریندارانی چەکی کیمیاوی
قوربانییانی زیندوی گەورەترین تاوانی سەردەم
ھاونیشتیمانییانی خۆڕاگر
ڕۆژی ١٦ی ٣ی ھەموو ساڵێک زامێکی قوڵی ساڕێژنەکراو، ئازارێکی ھەمیشەیی لە دڵی گشت تاکێکی کورددا دەکوڵێتەوە. ٣٥ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دوژمنانی گەلەکەمان بەقەدەغەکراوترین چەکی کۆمەڵکوژی کیمیاوی شاری ھەڵەبجەیان بۆردومانکرد و تەنھا لە چەند چرکەیەکدا زیاتر لە ٥٠٠٠ مرۆڤی بێتاوانی کورد لە ژن و منداڵ و پیر و لاو شەھید بوون و بەھەزارانی تریش برینداربوون و بەھۆی سەختی برینەکانیان چونە نێو کاروانی شەھیدان و بەداخەوە تا ئەمڕۆ بەھەزارانی تر کاریگەرییەکانی ئەو چەکەیان لەسەرە و لەگەڵ مەرگ لە ململانێدان. بەعسییەکان لە پاڵ ئەو ھەموو زیانە مرۆییە توانییان شارەکە وێران و خاپور بکەن، بەڵام بەو ھەمو زوڵم و زۆرەوە نەیانتوانی زەڕڕەیەک کار لەسەر ئیرادەی گەلەکەمان بکەن چونکە ئیرادەی میللەتەکەمان لە چەکی کیمیاوی و فڕۆکە و موشەک بەھێزترە.
ھەڵەبجە لە مێژووی خۆیدا،مەڵبەندی ھەمیشە زیندووی کوردایەتی و کەلتور و ئەدەب و زانست بووە، سەرمەشقی خەبات و قوربانیدان بووە بۆ ڕزگاری و سەرفرازی کوردستان، لانکەی شاعیران و ئەدیبان و نوسەر و ڕۆشنبیران بووە، شوێنی ئاینزا و ئاین پەروەران بووە، میواندۆست و باوەشی گەرمی ھەمیشە واڵا بووە بۆ میوانان.
کیمیابارانی شارەکە، لەچوارچێوەی پیلانی پاکتاوی نەژادی دژی گەلی کوردستان ئەنجامدرا، ھەر لەو چوارچێوەیەدا گەلەکەمان ڕووبەڕووی ئەنفال، تەعریب، تەرحیل و تەبعیس بوویەوە کە بەپێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان تاوانەکە جینۆسایدە دژی مرۆڤایەتی.
خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و بەردەوامی خەباتی ھێزی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی گەلەکەمان نەیانھێشت خەونی شۆڤێنییانەی بەعسییەکان بۆ پاکتاوی میللەتەکەمان بێتەدی و لەسایەی ڕاپەڕینی ١٩٩١ و پرۆسەی ئازادی عێراق و خەبات و قوربانیدانمان بەشێکی زۆری تاوانبارانی پیلانی پاکتاوی نەژادی بەسزای خۆیان گەیشتن.
ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی ٣٥ساڵەی کیمیاباران و جینۆسایدکردنی ھەڵەبجە دەکەینەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕێکارە فیدراڵییەکانی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەی پەسەند کردووە. ئێستا ھەڵەبجە ١٩یەمین پارێزگای عێراق ـە.
بەوبۆنەیەوە، پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و جەماوەری خۆڕاگری ھەڵەبجە دەکەین، ھیوادارین ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم دەستی ئاوەدانی بگەیەننە شارەکە تا ببێتە پارێزگایەکی نمونەیی لەسەر ئاستی عێراق.
ئێمە وەک پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، خزمەتکردنی ھەڵەبجە و خەڵکە تێکۆشەرەکەی وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و شانازییەکی گەورە تەماشا دەکەین، شەرەفمەندین لەھەر بوارێکدا توانیبێتمان خزمەتێکی خەڵکەکەمان بکەین.
پێویستە حکومەتی عێراقی فیدراڵ وەک میراتگری حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەفەرمی داوای لێبوردن لەخەڵکی کوردستان بەگشتی و پارێزگای ھەڵەبجە بەتایبەتی بکات و قەرەبووی زیانلێکەوتووانی تاوانەکە و کەسوکاری قوربانییان بکاتەوە. پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرنامەیەکی ھەمەلایەنە گەڵاڵە بکات بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەکانی ئەو تاوانە بەسەر شار و خەڵکەکەیەوە و ھەوڵبدات بۆ بوژاندنەوەی شارەکە و زیاتر خزمەتکردنی پارێزگای ھەڵەبجە و تەواوی شار و شارۆچکە و گوندەکانی سنورەکەی.
ھیوادارین ئەم بۆنە غەمناکە ببێتە ھەوێنی یەکڕیزی و تەبایی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان و ھەوڵدان بۆ چاکسازی ڕاستەقینە و ھێنانەدی ئاوات و ئامانجی شەھیدان بەتایبەت شەھیدانی ھەڵەبجە.
سەری ڕێز نەویدەکەین لە ئاست شەھیدانی ھەڵەبجەو سەرجەم شەهیدانی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان.
ئەنجومەنی ڕاوێژکاری و چاودێری
پارتی سۆسیاڵ دیموکراتی کوردستان
٢٠٢٣/٣/١٦

زۆرترین خوێندراو